بزوتنەوەی ئیسلامی داوا دەكات بە هۆی پەرلەمانەوە هەلی ریفراندۆم لە دەست نەدرێت
ئەمڕۆ شەممە بزوتنەوەی ئیسلامیی کوردستان یادی ٣٠ ساڵەی دامەزراندنی خۆی لەھەڵەبجە کردەوە، رابەری گشتی بزوتنەوەکە رایگەیاند کە ناکرێ لەبەر پەکەوتنی پەرلەمان، ریفراندۆمیش پەک بخرێت، کە ھەلێکی زێڕینە ھاتووەتە پێش كوردستان.
عیرفان عەلی عەبدولعەزیز رابەری گشتیی بزوتنەوەی ئیسلامیی کوردستان، لە میانی پێشکەشکردنی گوتارێکدا لە مەراسیمی یادی ٣٠ ساڵەی دامەزراندنی حزبەکەیدا کە لە ھەڵەبجە بەڕێوەچوو، رەخنەی لە بارودۆخی سیاسی و ئابووری ئێستەی ھەرێمی کوردستان گرت و گوتی "لە ٢٠١٣ و لە کاتی پێکھێنانی حکوومەتی پێنج حیزبەکەدا دژ بە حکوومەت دەنگمان دا، بەڵام ھەمیشە حەزمان لە چاکسازی کردووە و حەزمان لە قسەی زلی سەر میمبەر نەکردووە، لە دوای ٢٠١٣شەوە ئەم ھەرێمە تووشی گەورەترین داڕمانی ئابووری ھات و دواتر ئەو کێشە سیاسییانەی لە ھەرێمدا روویان دا و پاشان ململانێیەکی زۆر ناشیرین لە نێوان ھێزە سیاسییەکاندا و دواتر پەککەوتنی پەرلەمان و پەککەوتنی ژیانی سیاسی لە ھەرێمی کورستانی لێ کەوتەوە، ساڵ بە ساڵیش بارودۆخی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان خراپتر دەبێت، بەداخەوە لە سەرووی ١٢ ملیار دۆلار بودجەی ئەم ھەرێمەیە، بەڵام ئەوە وەزعی خەڵکەکەیەتی، مەعقولە خەڵک بناڵێنێ بە دەست بێکاری و ناشەفافیەت؟ تا کەی وا بناڵێنین؟ لە کاتێکدا وڵاتەکەمان فەقیر نيیە".
لە بەشێکی تری قسەکانیدا گوتی "ئێمە بە شاندی ھاوبەشی یەکێتی و پارتیمان راگەیاندووە، گرنگ ئەوەیە ئەم بارودۆخە چاک بکرێت، ئەگەر دوو حیزب چاکی دەکەن فەرموون بیکەن، ئەگەر پێنج حیزب چاکی دەکەن ئێمە دوعای خێرتان بۆ دەکەین، گرنگ ئەوەیە ئەم وەزعە چاک بکرێت، بە شێوازێک بارودۆخەکە چاک بکرێت کە ھەموو خەڵکی ھەرێمی کوردستان دڵخۆش بێت".
رابەری گشتیی بزوتنەوەی ئیسلامی سەبارەت بە رای حزبەکەشی لەسەر ریفراندۆم و میکانیزمی ئەنجامدانەكەی گوتی "کە باسی ریفراندۆم کراوە، گوتوومانە بەڵێ ریفراندۆم ھەلێکی زیڕینە بۆ میللەتەکەمان، گەلەکەمان دەیان ساڵە رەنج دەدات و شەھید دەدات لەپێناو ئەوەی ئەو بە زۆر لکاندنەی بە عێراقەوە کۆتایی پێ بێت و رزگاری بێت لە کێشەکانی عێراق و ئەو ھەموو خوێنەی ئەمڕۆ لە عێراقدا دەرژێت، بەڵام ئایا ریفراندۆم بە چ میکانیزمێک بکرێت، ھیچ ھێزێکی سیاسی لاری لە ئەنجامدانی ریفراندۆم نیيە، بەڵام جیاوازی لە میکانیزمدا ھەیە کە بە چ شێوازێک ریفراندۆم بکرێت، ئایا لە پەرلەمانەوە بڕیاری لەسەر بدرێت یان لە دەرەوەی پەرلەمان بکرێت، ئێمە ئەوەمان گوتووە ساڵێکی رێکە ھەموو ھێزە سیاسییەکان ھەوڵی کاراکردنەوەی پەرلەمان دەدەین، کارا ناکرێتەوە، ئەگەر کاراش بکرێتەوە رەنگە بە سەقەتی کارا بکرێتەوە، بە شێوەی زۆرینە و کەمینە بێت و ئەو کات کۆمەڵێکی تر دڵیان پێی خۆش نەبێت و تەشەنوجات دروست بێت، بۆیە رەنگە ئەم پەرلەمانە تا ھەڵبژاردنی داھاتوو ھەر ئاوا بڕوات و کارا نەکرێتەوە، مادام پەرلەمانەکە کارا نەکرێتەوە و پەرلەمان پەک خرابێت، ناکرێت پەرلەمان پەک خراوە ریفراندۆمیش پەک بخرێت، بکرێت پەرلەمان کارا بکرێتەوە زۆر چاکە، بەڵام ئەگەر کارا نەکرێتەوە، ناکرێت ھەلی ریفراندۆمیش لە دەست بدەین کە ئێستە بەھۆی شەری داعش و ئەو بارودۆخەی ھاتووەتە ئارا، بووەتە ھەلێکی زێڕین بۆمان، بۆیە با ریفراندۆم بکرێت بەشکو ببێتە دەرگایەکی خێر لەگەلەکەمان و ئێمەش وەک تەواوی گەلانی جیھان دەوڵەت و سنووری جوگرافیای خۆمان ھەبێت، ئەو کات ئەتوانین لەچوارچێوەی دەوڵەتی خۆماندا چاکسازی بکەین و باشتر ھەنگاو بنێین".
لە دوای راپەڕینی ١٣/٥/١٩٨٧ی خەڵکی ھەڵەبجە و شارەزوور و ھەورامان و ئاوارەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایانی ئایینی و خەڵکانی ھەڵەبجە بۆ وڵاتی ئێران، بزوتنەوەی ئیسلامیی کوردستان بە سەرۆکایەتی شێخ عوسمان عەبدولعەزیز لەو وڵاتە دامەزراندنی خۆی وەک حیزبێکی چەکداری ئیسلامیی بۆ رووبەرووبوونەوەی رژێمی بەعس راگەیاند.
bas news-
