جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا: پشتگیری خۆم بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستان ڕادهگەیهنم
لەو میانەیەدا نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری چاویانکەوت بە (ڕیشارد چارنێسکی) جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا.
لە میانەی دیدارێکدا باس لە پرۆسەی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان و دوا پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە کرا. (چارنێسکی) کە جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپایە، پشتگیری خۆی بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند و داوایکرد لە کەشێکی دیموکراسیانە و بە ئاشتییانە لەگەڵ هەموو لایەک ڕیفراندۆمى هەرێمی کوردستان، ئەنجام بدرێ.
شاندی هەرێمی کوردستان لە لای خۆیەوە سوپاس و پێزانینی بۆ ئەو هەڵوێستەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا ڕاگهیاند، هەردوولاش بڕیاریان دا، کە لە ماوەی ئایندەدا لە نزیکەوە هەماهەنگ بن بۆ سەرخستنی کاری هاوبەش لە پێناو ئامانجە هاوبەشەکاندا.
لە لایەکی دیکەوە (دلاوەر ئاژگەیی) و شاندی یاوەری هەمان ڕۆژ چاویانکەوت بە پەرلەمانتاری ناسراوی یەکێتی ئەورووپا و دۆستی کورد (چارلس تانۆک) کە ناوبراو لە هەمان کاتدا سەرۆکی گروپی دۆستایەتی کوردستانیشە لە پەرلەمانی ئەوروپا و پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان تەوەری سەرەکی ئەو دیدارەش بوو.
لەو بارەیەوە پەرلەمانتار (تانۆک) پشتگیری تەواوی خۆی بۆ پرۆسەی ڕیفراندۆم و هەروەها سەربەخۆیی کوردستان وەک دەوڵەتێکی سەروەر، دووپاتکردەوە.
شاندی هەرێمی کوردستان وێڕای سوپاس و پێزانین، پوختەیەکی دەربارەی دوا پەرەسەندنەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکەیان، خستە بەردەم لایەنی بەرامبەر و بەهەندەوە تاوتوێکران.
هەردوولا بڕیاریان دا کە لە ماوەی داهاتوودا و تا ئەنجامدانی ڕیفراندۆم چڕتر هەماهەنگی و کاری هاوبەش بکەن لە پێناو سەرخستنی خەونی دێرینی کوردستان بەرەو سەربەخۆیی.
شایانی باسە دیدار و چالاکییەکانی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی ئەورووپا، لە پێناو گەیاندنی پەیامی ڕاستەقینەی خەڵک و سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان بە دام و دەزگاکانی یەکێتی ئەورووپا، بەردەوام دەبن لە پێناو وەدەستھێنانی پاڵپشتی و پشتگیری زیاتر و فرەوانتر لە سەرجەم ئاستەکان بۆ دۆزی رەوای گەلی کوردستان . بە تایبەتی لەم کات و ساتە ھەستیارە.
kdp-
