زاخۆییەكان پشتگیریی ئەنجامدانی ریفراندۆم دەكەن

زاخۆییەكان پشتگیریی ئەنجامدانی ریفراندۆم دەكەن
خەڵكی زاخۆ، پشتگیریی ئەنجامدانی ریفراندۆم دەكەن و دەخوازن لە ژێر ئاڵای دەوڵەتی كوردستاندا بە ئارامی بژین و، ئەو كارەساتانەی لە ڕابردوودا بەسەر میللەتی كورددا هاتوون، جارێكی دیكە دووبارە نەبنەوە.


(دڵشاد محەممەد)، دەرچووی زانكۆ بەشی كۆمپیوتەر، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، "بێگومان ئەنجامدانی ڕیفراندۆم پێویستییەكی هەنووكەییە، چونكە میللەتی كورد دەتوانێت بێ عێراقیش بژیت، بەڵام ئەوەی كە لە ئێستادا زۆر پێویستە، یەكخستنی ناومـاڵی كوردە و گەرەكە لایەنەكان ویست و خواستی میللەت لە بەرچاو بگرن، بۆ ئەوەی هەموومان بە ئامانج بگەین، زۆریش گەشبینم كە لەو ماوەیەدا ریفراندۆم ئەنجام دەدەرێت".

(جاسم سەبری) قوتابیی پەیمانگە، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "ئێستا پرسی ریفراندۆم، بابەتی گەرمی مێدیا و حزبە سیاسییەكانە و زۆر گەشبینم ریفراندۆم ئەنجام دەدرێت، چونكە بارودۆخی هەرێم لەبارە و ئەوەی زۆر گرینیگیش بوو، هەڵدانی ئاڵای كوردستان بوو لە كەركووك، كە ئەمە وەك دەستپێكێك بۆ جیابوونەوە لە عێراق سەیر دەكرێت و، وڵاتانی زلهێزیش پاڵپشتی ئەم بڕیارەن".

(سەبری) دەشڵێت، "گرینگیی سەربەخۆیی و بەدەوڵەتبوون لەوەدایە، گەرەنتی دەدرێت كە ئەو كارەساتانەی لە ڕابردوودا بەسەر میللەتی كورددا هاتوون، جارێكی دیكە دووبارە نابنەوە".

هاووڵاتییەكی دیكەی شارۆچكەی زاخۆ بە ناوی (دڵشاد پیری)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵیت، "لە مێژوودا میللەتی كورد چەندان شۆڕشی بەرپا كردوون بۆ ئەوەی بە مافە رەواكانی خۆی بگات، بۆیە پێویستە بێ دوودڵی دەنگ بە (بەڵێ) بۆ ڕیفراندۆم بدەین و لە وڵاتانی دەوروبەر و جیهانیش بگەیێنین كە دەتوانین خۆمان بەڕێوە بەرین و، سازدانی ریفراندۆمیش مافێكی شەرعیی گەلەكەمانە".

kdp-
Top