پارتی: ناکرێ کاراکردنەوەی پەرلەمان بکرێتە مەرج لەسەر ڕیفراندۆم
ئەمڕۆ شەممە 13/5/2017، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتیی کوردستان و پارتی کرێکاران و ڕەنجدەرانی کوردستان کۆبوونەوە. لەمبارەیەوە باپیر کامەلا، سکرتێری پارتی کرێکاران و ڕەنجدەرانی کوردستان، ڕایگەیاند: "کۆبوونەوەیەکی ورد و برایانە بوو لەگەڵ پارتی، لەسەر زۆر پرس ھاوڕابووین، لەسەر پرسی ریفراندۆم و قەیرانی دارایی و قەیرانی سیاسی گفتوگۆمان کرد، لەسەر ئایندەی کوردستان، یەکڕیزی لەلای ھەردوولامان زامنی سەرکەوتنە و باسمان لەوە کرد کە یەکڕیزی پێویستە".
باپیر کامەلا جەختی لەوە کردەوە کە پێشووتر گفتوگۆکان ڕاگیرابوو، ئێستا گفتوگۆ بەردەوامە. گوتیشی: ”باسمان لە کاراکردنەوەی پەرلەمان کرد، پارتی جەختی لەوە کردەوە کە لەگەڵ کاراکردنەوەی پەرلەمانە و دەبێت ڕێککەوتنی سیاسی لەسەر بکرێت، بەڵام ناکرێت بکرێتە مەرج بۆ پرسی ریفراندۆم دابندرێت، چونکە ڕیفراندۆم خواستی گەلە، ئەوە بۆچوونی پارتی بوو لە کۆبوونەوەکە“.
باسنیوز
