ئەفسەرێكی پۆلیس: دیاردەی دزینی ئۆتۆمبێل لە دارەتوو زیادی كردووە

  ئەفسەرێكی پۆلیس: دیاردەی دزینی ئۆتۆمبێل لە دارەتوو زیادی كردووە
ئەفسەری پۆلیس لە بنكەی پۆلسی دارەتوو ڕای دەگەیەنێت، دیاردەی دزینی ئۆتۆمبێل لە ناحییەی دارەتوودا زیادی كردووە.

نقیب دڵشاد حەسەن، ئەفسەری پۆلیس لە بنكەی پۆلسی دارەتوو ڕایگەیاند: "دیاردەی دزینی ئۆتۆمبێل لە ناحییەكەدا زیادی كردووە، تا ئێستا چەندین ئۆتۆمبێل دزراون، بەڵام ئەوەی ناڕوونە ئەوەیە ئۆتۆمبێلەكان دوای دزینیان لە گەڕەكێكی دیكە فڕێ دەدرێن، بەشی زۆری ئەو ئۆتۆمبێلانەش كە دەدزرێن مۆدێلیان لە نێوان 1988 بۆ 1990دایە، لێكۆڵینەوەش لە ڕووداوەكە بەردەوامی هەیە".

ئەو ئەفسەرەی پۆلیس ئەوەشی خستەڕوو "تا ئێستا باندێكی دزیكردن كە لە 4 كەس پێكهاتوون، لەگەڵ باندێكی 3 كەسیدا دەستگیر كراون، بەڵام هێشتا ئەو كەسانە دەستگیر نەكراون، كە ئۆتۆمبێلەكان دەدزن".

ستار ئاغا عومەر، بەڕێوەبەری ناحیەی دارەتوو ڕایگەیاند: "لەسەر دیاردەی دزینی ئۆتۆمبێل لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان، ئاسایش و پۆلیسی هاتوچۆدا كۆبوونەوە و هەماهەنگی كراوە، بۆ ئەوەی شەوانە لە كاتژمێر 12 شەو تا 3 شەو بەناو گەڕەكەكانی دارەتوودا بگەڕێن و چاودێری دۆخەكە بكەن".













باسنیوز
Top