داوا دەکرێت لێپرسینەوە لەگەڵ سۆران عومەر و عەلی حەمەساڵح بکرێت
عەلی دۆڵەمەری، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرەنسا لەم بارەوە گوتی: "کاتێک پەرلەمانتارێک سەردانێکی فەرمی دەکات، دەبێ پێشوەختە مۆڵەت لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان وەربگرێت، سەرۆکایەتیی پەرلەمان ئاگاداریی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە دەکاتەوە، ئەگەر سەردانەکە بۆ پەرلەمانی ئەورووپا بێت، دەبێ لەڕێگای نوێنەرانی حکوومەتی ھەرێمەوە بێت کە لەو وڵاتە نوێنەرایەتی ھەیە، ھەر شاندێکی حکوومی، یان پەرلەمانی دەبێ بەو شێوەیە بجووڵێتەوە، دەبوو فەرمانگە ئاگادار بوایە و فەرمانگەش ئاگاداری نوێنەرایەتی حکوومەتی لە فەرەنسا دەکردەوە بۆ ئەوەی ئێمە ئاگادار بووینایە".
نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرەنسا گوتیشی: "ئەم دوو پەرلەمانتارە سەردانی فەرەنسا و سویسرا و بەلجیکایان کردووە کە بەداخەوە لەوێ خۆیان وەک نوێنەری کوردستان ناساندووە".
ئەوەشی خستەڕوو، "ئەو دوو پەرلەمانتارە قسەیان لەسەر نوێنەرایەتیی حکوومەتیش لە دەرەوەی وڵات کردووە، بۆیە دەبێ لایەنی پەیوەندیدار لە هەرێمی کوردستان لێپرسینەوە لەو دوو پەرلەمانتارە بکەن، چونکە ئەگەر لێپرسینەوە نەبێت شتی دیکەی بەدواوە دێت، دەبێت لێیان بپرسێت بە چ سیفەتێک ئەو قسانەیان کردووە؟ بە چ دەسەڵاتێک قسە لەسەر نوێنەراتیی حکوومەت لە دەرەوەی وڵات دەکەن"؟
لەلایەن خۆیەوە د. محەمەد عەلی، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “چوونی عەلی حەمەساڵح و سۆران عومەر بۆ دەرەوەی وڵات، بە نوێنەراتیی خۆیان بووە نەک پەرلەمان، چونکە پەرلەمان ئاگاداری ئەو سەردانەیان نەبووە و سەردانێکی شەخسی بووە، بۆیە ناکرێت ئەوان بەناوی پەرلەمانەوە قسە بکەن”.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە ئاگادارن ئەو پەرلەمانتارانە “ قسەی خراپیان لەسەر نوێنەرانی حکوومەت لە دەرەوەی وڵات کردووە". بۆیە داوای کرد، لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.
باسنیوز
