سەرکردەیەکی یەکێتی: کۆسرەت ڕەسوڵ سەرجەم سەرکردایەتیی یەکێتی ئاگادار کردووەتەوە
ڕەهبەر سەید ئیبراهیم، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی ڕاگەیاند: لە دوا کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی کە کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی سەرپەرشتی کرد، بڕیار درا کە لەمەودوا سزا و پاداشت لەناو یەکێتی پەیڕەو بکرێت، بە ڕاشکاوانە پێی گوتن کە ئەوە یەکێتییە بڕیاری داوە و دەبێت پێوەی پابەند بن، بۆیە دەبێت لەمەودوا ئەو پەیڕەوە کاری پێ دەکرێت و ھیچ کەسێک بۆی نییە لە خۆیەوە قسە بکات، بۆیە لەدوای کۆبوونەوەکەوە جۆرێک لە پابەندی ھەیە".
ئەوەشی ڕوون کردەوە: ”کاتێک ئەو بڕیارە خوێنرایەوە، ھەموو ئەندامانی سەرکردایەتیی یەکێتی لەوێ بوون، بڕیاریاندا کە پێوەی پابەند بن".
لەبارەی ئەوەی کە چەند سەرکردەیەکی یەکێتی بەو بڕیارەوە پابەند نەبوون، ڕەهبەری سەید ئیبراهیم بە (باسنیوز)ی گوت: ”هەموو سەرکردەکانی یەکێتی پابەندبوونی خۆیان ڕاگەیاندووە، تەنانەت عەتا سەراوی بۆ (سەرنج ڕاکێشان)ەکەی، چووەتە مەکتەبی سیاسی و لێپرسینەوەکەی قەبوڵ کردووە“.
جەختیشی لەوە کردەوە کە کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی دەسەڵاتی تەواوی پێدراوە لەو بارەوە، بۆ ئەوەی بڕیار بدات، ”ئەوانەشی لە دەرەوەی وڵات بوون بڕیارەکانیان پێ گەیشتووە“.
پێشتر مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بڕیاری سزادانی بۆ هەریەک لە (شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، ئاڵا تاڵەبانی، لاهوور تاڵەبانی، عادل موراد و سیروانی کوێخا نەجم) دەرکرد.
باسنیوز
