سیروان بارزانى: ئەو ناوچانەى پێشمەرگە کۆنتڕۆڵیشى دەکەنەوە و لێیان ناکشێتەوە
سیروان بارزانى سەرپەرشتیارى میحوەرى گوێڕ- مەخموور رایگەیاند, بۆ دەستپێکردنى ئۆپەراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنەوەى شارۆچکەى حەویجە لە چنگ تیرۆریستانى داعش هێزى پێشمەرگە تەواو ئامادەیە، بەڵام ئەوەى ماوە ئامادە بێت سوپاى عێراق و هێزە عێراقییەکانن، ئەوانیش ئێستا سەرقاڵى ئۆپەراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنەوەى شارى مووسڵن.
سەرپەرشتیارى میحوەرى گوێڕ- مەخموور، سیروان بارزانى لە چاوپێکەوتنێکى لەگەڵ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى، "لە ئێستادا ٥١ کیلۆمەتر داعش هاوسنوورى هەرێمى کوردستانە لە سنوورى میحوەرى گوێڕ- مەخموور، بۆ دوور خستنەوەى داعش لەو سنوورە هێزى پێشمەرگە بە هەموو شێوەیەک ئامادەیە، بەڵام لەبەر ئەوەى رێککەوتنى نێوان هەولێر و بەغدا وایە دەبێت ئۆپەراسیۆنەکان لەو ناوچانە بە هەماهەنگى ئەنجام بدرێن، ئێمەیش چاوەڕێ دەکەین تا سوپاى عێراق و هێزە عێراقییەکانى دیکە ئامادەبن بۆ ئەنجامدانى ئۆپەراسیۆن دژ بە چەکدارانى داعش لە سنوورى گوێڕ، مەخموور و تا کۆنتڕۆڵکردنەوەى تەواوى سنوورى شارۆچکەى حەویجە.
سیروان بارزانى وتیشی، هۆکارى سەرەکى ئامادە نەبوونى سوپاى عێراق و هێزە عێراقییەکان بۆ ئەنجامدانى ئۆپەراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنەوەى شارۆچکەى حەویجە، سەرقاڵى سوپا و هێزە عێراقییەکانە بە ئۆپەراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنەوەى مووسڵ، چونکە شەڕى کۆنتڕۆڵکردنەوەى مووسڵ بۆ سوپاى عێراق و هێزە عێراقییەکان ئاسان نییە، لە ئێستادا هەموو توانایەکى خۆیان خستووەتەگەڕ تاوەکو شارەکە لە چنگ داعش رزگار بکەن.
ئهوهشی خستهروو، ئەوەى لە بەرنامەى وەزارەتى بەرگرى حکوومەتى عێراقدایە، ئۆپەراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنەوەى حەویجە دەکەوێتە دواى ئۆپەراسیۆنى شارى مووسڵ و شارۆچکەى تەلەعفەر، دواى ئەوەى ئەو دوو شوێنە گرنگە کۆنتڕۆڵکرانەوە، ئینجا دووبارە رێکخستنەوەى هێزەکان دەستپێدەکات و دواتریش بە هەماهەنگى نێوان هێزى پێشمەرگە و سوپاى عێراق لە چوارچێوەى سوپاى عێراق چەکدارانى حەشدى شەعبى ئۆپەراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنەوەى شارۆچکەى حەویجە دەستپێدەکات، بە کۆنتڕۆڵکردنەوەى ئەو شارۆچکەیە بوونى داعش لە ناوچەکە بەرەو نەمان دەچێت.
ئاشکراشى دەکات کە ئەنجامدانى ئۆپەراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنەوەى حەویجە هاوشێوەى ئۆپەراسیۆنى مووسڵ دەبێت و هەمان رێککەوتن دووبارە دەکرێتەوە، تەواوى ناوچە کوردییەکان هێزەکانى پێشمەرگە کۆنتڕۆڵى دەکەنەوە و ناوچە عەرەب نشینەکانیش سوپاى عێراق و هێزە عێراقییەکان لە داعش رزگارى دەکەن، ئەو ناوچانەى پێشمەرگە کۆنتڕۆڵیشى دەکەنەوە و پێشمەرگە لەو ناوچانە ناکشێنەوە، بە هەمان ئەو رێککەوتنەى لە دەشتى نەینەوا کرا لە سنوورى حەویجە پەیڕەوى دەکەینەوە.
سەرپەرشتیارى میحوەرى گوێڕ- مەخموور روونی كردهوه، بە جۆرێک لە جۆرەکانى حەشدى شەعبى بووەتە بەشێک لە سوپاى عێراق، بۆیە لە هەر حاڵەتێکى نەخوازراو لەگەڵ حکوومەتى ناوەند ئێمە هیچ جیاوازى ناکەین لە نێوان حەشدى شەعبى و سوپاى عێراق.
payamner-
