هه‌رێمى كوردستان داواى له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و ڕووسیا كرد به‌شدارى له ڕیفراندۆم بكه‌ن
نوێنه‌رى پارتى له مۆسكۆ ئاشكراى ده‌كات، كه هه‌رێمى كوردستان به شێوه‌یه‌كی فه‌رمى داواى له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان كردووه چاو‌دێر بۆ به‌شداریكردن له ڕیفراندۆمى كوردستان بۆ هه‌ولێر بنێرن، هاوكات له گفتوگۆشدان له‌گه‌ڵ مۆسكۆ بۆ هه‌مان مه‌به‌ست، به‌ڵام جێگرى وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ى ڕووسیا، ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، تا ئێستا داواكارییان له‌و باره‌یه‌وه به فه‌رمى پێنه‌گه‌یشتووه.
میخائیل بۆ‌گدانۆڤ، جێگرى وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ى ڕووسیا، ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه تا ئێستا له‌لایه‌ن هه‌رێمى كوردستانه‌وه داواكارى پێنه‌گه‌یشتووه بۆ ناردنى چاو‌دێر به‌مه‌به‌ستى به‌شداریكردن له پرۆسه‌ى ڕیفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان.
له‌كاتێكى پێشتردا ئه‌مڕۆ هه‌ینی 12/ 5/ 2017، خۆشه‌وى بابه‌كر، نوێنه‌رى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان له مۆسكۆ، ڕای گه‌یاند :" ڕیفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان له مانگى تشرینی یه‌كه‌م یان تشرینی دووه‌مى ئه‌مساڵ، ئه‌نجام ده‌درێت".
له لێدوانه‌كه‌یدا بۆ ئاژانسى هه‌واڵیی "سهپۆتنیك"ى ڕووسی، خۆشه‌وی بابه‌كر، ڕای گه‌یاند :" هه‌رێمى كوردستان له گفتوگۆدایه له‌گه‌ڵ مۆسكۆ و گفتوگۆكه له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه ده‌كرێت بۆ ناردنى چاودێرى ڕووسی به مه‌به‌ستى به‌شداریكردن له چاودێریكردنى پرۆسه‌ى ڕیفراندۆم".
جه‌ختیشیكرده‌وه، كه هه‌رێمى كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمى داواى له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان كردووه، چاودێریان بنێرن بۆ به‌شداریكردن له ڕیفراندۆمه‌كه.
bas news-
