ئاوارەكانی عێراق كوردستان بە جێ دێڵن

ئاوارەكانی عێراق كوردستان بە جێ دێڵن



وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق رایگەیاند لەوەتەی ساڵی رابردووەوە تا ئێستە 57 هەزار و 885 خێزانی ئاوارە گەڕاونەتەوە ناوچەكانیان لە سنووری پارێزگاكانی دیالە و ئەنبار و سەڵاحەدین.


لەمبارەیەوە حەمودی مەحجوب بەڕێوەبەری بەشی كاروباری گەڕانەوەی ئاوارەكان لە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند كە ناوەندەكانی وەزارەتەكەیان بۆ تۆماركردنی گەڕانەوەی ئاوارەكان لە پارێزگای ئەنبار تاوەكو ئێستە گەڕاونەوەی 41 هەزار و 624 خێزانی ئاوارەیان تۆمار كردووە كە گەڕاونەتەوە قەزاكانی رومادی، فەلوجە، حەدیسە، خالیدیە، هیت، گەرمە و سەقڵاوییە.


حەمودی ئاماژەی بەوە دا كە بە پێی ئەوەی لای ناوەندەكانی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران بۆ تۆماركردنی گەڕانەوەی خێزانە ئاوارەكان لە پارێزگای سەڵاحەدین تۆمار كراوە، تاوەكو ئێستە 11 هەزار و 93 خێزانی ئاوارە گەڕاونەتەوە قەزاكانی، تكریت، دۆرە، عەلەم، سامەڕا، زڵوعییە، دوجێل، رۆژهەڵاتی بێجی و ناحیەی دیجلە.


ناوبراو باسی لەوەش كردووە كە تاوەكو ئێستە ناوەندەكانی وەزارەتەكەیان بۆ تۆماركردنی گەڕانەوەی ئاوارەكان لە پارێزگای دیالە تاوەكو ئێستە، گەڕانەوەی 5 هەزار و 168 خێزانەی ئاوارەیان تۆمار كردووە كە گەڕاونەتەوە قەزاكانی شارەبان (میقدادیە)، خاڵس، خانەقین و باقووبە.


بە گوێرەی زانیارییەكان بەشێكی زۆری ئەو ئاوارە سونیانە لە شارەكانی هەرێمی كوردستانەوە دەگەڕێنەوە ناوچەكانیان، بەشێكیشیان لە كوردستان جێگیر بوون و بە نیازی گەڕانەوە نین.

bas news-
Top