زیاد کاکە رەزا: سلێمانی بووەتە سەنتەری ململانێی حزبی
زیاد کاکە ڕەزا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتیی کوردستان، لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ڕاگەیاند: "پارێزگای سلێمانی بووەتە شوێنی ململانێی حزبی، کاریگەری نەرێنیشی لە چۆنییەتی بەڕێوەبردنی پاێزگاکەدا ھەبووە، چونکە ململانێی حزبی لە ناو سلێمانیدا چڕبووەتەوە".
سەرۆکی فراسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ئەوەشی خستەڕوو: "شتێکی ئاشکرا و روونیشە لە دوای دروست بوون و جیابوونەوەی بزووتنەوەی گۆڕانەوە لە یەکێتی، ئەو ململانێیانە دروست بوون".
لە ساڵی ڕابردوودا (د.ئاسۆ فەریدوون) پارێزگاری سلێمانی مۆڵەتی ساڵێکی لە وەزارەتی ناوخۆ وەرگرت، لەوبارەوە زیاد کاکە ڕەزا، ئەوەی روون کردەوە: "تا ئێستا سلێمانی بە قەیرانی بێ پارێزگاری و راڕاییدا دەژی، پێشتر ڕێککەوتنێک لە نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان ئەنجام درا، بەڵام گۆڕان تائێستا پۆستی پارێزگاری سلێمانی بۆ یەکلایی نەبووەتەوە، نە بەلەجیاتی دانان، نە بەوەکالەتیش".
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، گوتیشی: "پێویستە ئەو دوو لایەنە خۆیان یەکلایی بکەنەوە، یان ڕێککەوتنەکەیان ھەڵوەشێننەوە، یان بەردەوامی پێبدەن بۆ ئەوەی ئیدارە باشتر بەڕێوە بچێت".
bas news-
