د. میران محه‌مه‌د : هۆكارى گیان لەدەست دانی منداڵەکەی چەمچەماڵ ھەڵەی پزیشکی نەبووە

د. میران محه‌مه‌د : هۆكارى گیان لەدەست دانی منداڵەکەی چەمچەماڵ ھەڵەی پزیشکی نەبووە
کەسوکارەکەی دەڵێن کوڕەکەمان بەھۆی دەرزی ھەڵەوە گیانی لەدەستداوە



بەڕێوبەری گشتیی تەندروستی سلێمانی، ڕایگەیاند، هۆكارى گیان له‌دەست دانی مێردمنداڵەکەی چەمچەماڵ ھەڵەی پزیشکی نەبووە، بەڵکو بەھۆی نەخۆشییەکی سامناکی پێستەوە، گیانی لەدەس تداوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنج شەممه 11ی ئایاری 2017 ، لە نەخۆشخانەی شاری سلێمانی، لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا د. میران محەمەد، بەڕێوبەری گشتیی تەندروستی سلێمانی، لەبارەی کەیسی گیان لەدەست دانی منداڵەکەی چەمچەماڵ ڕایگەیاند :" هاوولاتییه‌كى شارۆچکەی چەمچەماڵ بەھۆی نەخۆشییەکی سامناکی پێستەوە گیانی لەدەستداوە و ھیچ پەیوەندییەکی بەھەڵەی پزیشکیەوە نەبووە".

ڕوونیشی کردەوە :" ئەو نەخۆشییە دەگمەنە بۆ نموونە ئەگەری ھەیە ساڵانە لە شاری سلێمانی، تەنھا دوو کەس تووشی ئەو نەخۆشیە ببێت، ھەرکەسێکیش تووشی ئەو نەخۆشییە ببێت، دوای ماوەیەک ئەگەری ھەیە گیان لەدەست بدات".

ئاماژەی بەوەشکرد، كه‌ ھارون بورھان، تەمەن 15 ساڵ، کە خەڵکی شاری چەمچەماڵە تووشی نەخۆشی ھەڵوەرینی خانەکانی پێست بووە و لە ٪90ی پێستی تووشی سوتاوی بووە، گوتیشی :" ئەو ھاووڵاتیە چەند ڕۆژێک لە نەخۆشخانەی چەمچەماڵ ماوەتەوە، دواتر ڕەوانەی نەخۆشخانەی سووتاوی شاری سلێمانی کراوە، بەداخەوە بەھۆکاری ئەوەی پێستی توانای بەرگریکردنی نەماوە، بەھۆی نەخۆشییەکەیەوە گیانی له‌دەست دا".

بەڕێوبەری گشتى تەندروستی سلێمانی، جەختی لەوەش کردەوە، كه‌ هۆكارى گیان لەدەست دانی مێردمنداڵەکەی چەمچەماڵ بەھیچ شێوەیەک ھەڵەی پزیشکی نەبووە، ھۆکاری مردنەکەی تەنھا سامناکیی نەخۆشییەکەی بووە، گوتیشی :" پزیشکەکانمان ئاستی زانستییان بەرزە و بە وریایەکی زۆرەوە چارەسەری نەخۆش دەکەن، چەندین چارەسەری پزیشکی گەورە لەلایەن پزیشەکانەوە بۆ خەڵکی شاری سلێمانی ئەنجامدراوە کە گرنگترینیان چاندنەوەی (مۆخ) بووە".

بەڕێوبەری تەندروستی سلێمانی، لەوەڵامی پرسیاری پەیامنێری (باسنیوز) له‌ باره‌ى شێوازه‌ى گواستنه‌وه‌ یان تووشبوون به‌و نه‌خۆشییه‌، گوتى :" ئەو نەخۆشییە لەکەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە ناگوازرێتەوە، بەڵام جاری واھەیە بەھۆی خواردنی حەبێکی پاراسیتۆڵەوە یاخود بەھۆی حەساسێتێکەوە خەڵکی تووشی ئەو نەخۆشیە ده‌بێت".

ئەمە لەکاتێکدایە کەسوکاری مێردمنداڵەکەی شارۆچکەی چەمچەماڵ دەڵێن:" کوڕەکەمان بەهۆی دەرزی هەڵەوە لە 90%ی پێستی سوتاوە و دوای 10ڕۆژ لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.
bas news-
Top