برۆ: پەیەدە سیاسەتی تۆقاندن پەیڕەو دەکات
(ئیبراهیم بڕۆ) بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''لە هێرشكردنەكەدا، چەكدارانی پەیەدە ژمارەیەك سەركردە و ئەندامانی پارتەكانی ناو ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریایان دەستگیر كرد، کە بەشێکی زۆریان لە قامیشلۆ بوونە و تا ئێستاش هێرشی پەیەدە بۆ سەر بارەگاکانی ئەنەکەسە بەردەوامە، لەو چوارچێوەیەشدا ناوی ئەو سەركردە و ئەندامانەی ئەنجومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریا كە چەكدارانی پەیەدە لە ناو بارەگای گشتیی ئەنجومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریا دەستگیریان كردوون، بریتین لە: (فەسڵە یوسف، نارین مەتینی، مەحموود مەلا، موحسین تاهیر، عەبدولسمەد خەڵەف برۆ، فەتحی كدۆ، ئەحمەد عجە، مەحموود حەج عەلی، فەرهاد تمی، محەمەدئەمین حوسام، نورەدین فەتاح، تاهیر حەساف، قاسم شەریف).''
(ئیبراهیم برۆ) دەشڵێ: ''پەیەدە سیاسەتی تۆقاندن پەیڕەو دەکات و دەیەوێت بە زەبری چەک دژی هەر جووڵانەوەیەکی سیاسی بوەستێتەوە، کە لە دەرەوەی بیرکردنەوەی خۆی بێت، پەیەدە بە ئامانجی ترس و تۆقاندنی ئەندامانی ئەنجومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریا و لایەنگرانی ئەنجومەنەكە ئەو هێرشەی ئەنجام داوە، بۆ ئەوەی درێژە بەو سیاسەتەی بدات، كە لە ڕێی چەكدارییەوە بۆ كۆتاییهێنانی ژیانی سیاسی لە ڕۆژئاوای سووریا گرتوویەتە بەر.''
ئاماژەیشی دا: ''پەیەدە لە بەڕێوەبردنی ڕۆژئاوای کوردستاندا شکستی هێناوە و ڕۆژانە خەڵک ڕۆژاوای کوردستان بەجێ دەهێڵن و بەرەو دەرەوەی وڵات دەڕۆن، ئێمە لە ئەنجومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریا بۆ هەموو جیهان دووپات دەكەینەوە، كە ئەو كردەوە تیرۆریستیانەی پەیەدە ساختەبوونی بانگەواز و دروشمەكانی بۆ دیموكراتی دەردەخات.''
گوتیشی: ''پەکەکە بەو سیاسەتەی لە باکووری کوردستان پەیڕەوی کردووە، دەیەوێت هەمان ئەزموون بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بگوازێتەوە و لەوێش سیاسەتی دوورخستنەوەی منداڵ لە پرۆسەی خوێندن و بەزۆر چەکدارکردنی خەڵک بگرێتە بەر.''
kdp-
