زیاد کاکە رەزا: سلێمانی بووەتە سەنتەری ململانێی حزبی

 زیاد کاکە رەزا: سلێمانی بووەتە سەنتەری ململانێی حزبی
سەڕۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتیی کوردستان، لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ئاماژە بەوە دەدات کە سلێمانی بووەتە سەنتەری ململانێی حزبی و کاریگەری نەرێنیشی دروست کردووە.

زیاد کاکە ڕەزا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتیی کوردستان، لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ڕایگەیاند: "پارێزگای سلێمانی بووەتە شوێنی ململانێی حزبی، کاریگەری نەرێنیشی لە چۆنییەتی بەڕێوەبردنی پاێزگاکەدا ھەبووە، چونکە ململانێی حزبی لە ناو سلێمانیدا چڕبووەتەوە".

سەرۆکی فراسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ئەوەشی خستەڕوو: "شتێکی ئاشکرا و روونیشە لە دوای دروست بوون و جیابوونەوەی بزووتنەوەی گۆڕانەوە لە یەکێتی، ئەو ململانێیانە دروست بوون".

لە ساڵی ڕابردوودا (د.ئاسۆ فەریدوون) پارێزگاری سلێمانی مۆڵەتی ساڵێکی لە وەزارەتی ناوخۆ وەرگرت، لەوبارەوە زیاد کاکە ڕەزا، ئەوەی روون کردەوە: "تا ئێستا سلێمانی بە قەیرانی بێ پارێزگاری و راڕاییدا دەژی، پێشتر ڕێککەوتنێک لە نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان ئەنجام درا، بەڵام گۆڕان تائێستا پۆستی پارێزگاری سلێمانی بۆ یەکلایی نەبووەتەوە، نە بەلەجیاتی دانان، نە بەوەکالەتیش".

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، گوتیشی: "پێویستە ئەو دوو لایەنە خۆیان یەکلایی بکەنەوە، یان ڕێککەوتنەکەیان ھەڵوەشێننەوە، یان بەردەوامی پێبدەن بۆ ئەوەی ئیدارە باشتر بەڕێوە بچێت".










باسنیوز
Top