ژمارەیەک پێشمەرگەی بریندار لە بەلجیکا چارەسەر دەکرێن

 ژمارەیەک پێشمەرگەی بریندار لە بەلجیکا چارەسەر دەکرێن
ژمارەیەک پێشمەرگەی بریندار لە نەخۆشخانەکانی بەلجیکا چارەسەر دەکرێن و وڵاتێکی دیکەی ئەوروپیش ئامادەیە بۆ چارەسەرکردنیان.

دلاوەر خالید ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند، یەکەم کاروانی پێشمەرگە بریندارەکان گەیشتووەتە شاری برۆکسل‌ی پایتەختی بەلجیکا.

دلاوەر خالید ئاژگەیی هەروەها رایگەیاند، کە یەکەم نەشتەرگەری بۆ پێشمەرگە رەزوان خدر ئەنجام دراوە و لەم رۆژانەشدا نەشتەرگەرییەک بۆ پێشمەرگە زائید محەمەد ئەنجام دەدرێت.

هەروەک نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند، بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەو پێشمەرگانەی لە کوردستان پشکنینیان بۆ ئەنجامدراوە و ناونووس کراون، بگەنە برۆکسل بۆ هەمان مەبەست.

خەرجیی چارەسەرکردنی ئەو پێشمەرگانە لەلایەن حکوومەتی هەرێمی فلاندەرزی بەلجیکی دابین دەکرێت و نووسینگەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەی هەرێمی کوردستانیش خەرجیی گواستنەوەی ئەو پێشمەرگانەی لە ئەستۆ گرتووە.

دلاوەر خالید ئاژگەیی ئاماژەی بەوەش کرد، کە وڵاتی لۆکسەمبورگ‌یش ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ چارەسەرکردنی پێشمەرگە بریندارەکان.

لە سەرەتای هێرشی دەوڵەتی تیرۆریستی داعش بۆ سەر باشووری کوردستان، زۆربەی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بە ناردنی چەک، راوێژکاری سەربازی، مەشقکردن بە پێشمەرگە، چارەسەرکردنی بریندارەکان و بۆردومانکردنی بنکە و بارەگاکانی داعش، هاوکاریی هەرێمی کوردستان دەکەن.









باسنیوز
Top