دامەزرێنەرێکی گۆڕان هۆشداریی دەداتە یەکێتی

 دامەزرێنەرێکی گۆڕان هۆشداریی دەداتە یەکێتی
ئەندامێکی دەستەی دامەزرێنەری بزووتنەوەی گۆڕان هۆشداریی دەداتە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و رایدەگەیەنێت، لە رێککەوتنەکەیان دەکشێنەوە.

مەحمود بی کەی سی، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری بزووتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند، ماوەی ساڵێکە گۆڕان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕێککەوتنێکی سیاسی‌یان ئەنجامداوە، بەڵام ”لەماوەی ئەم ساڵەدا ھیچ بەندێکی ناو ڕێککەوتنەکە جێبەجێ نەکراوە“، کە خۆی لە 25 بەند دەبینێتەوە.

مەحموود بی کەی سی بە ئاماژەکردن بەوەی ئەوان نیگەرانن، رایگەیاند، ڕێکەوتنەکە ”خاو خلیچکی تێدا دەکرێت، ئێمەش وەکو گۆڕان، یەکێتی بە برپرسیاری سستی و لاوازی ڕێککەوتنەکەمان دەزانین“ بەهۆی ئەوەی یەکێتی ”بەڕاستگۆیانە ڕێککەوتنمان لەگەڵ یەکێتی کردووە و پێویستە یەکێتی‌ش ڕێز لە واژۆی خۆی بگرێت“.

ئەو ئەندامەی دەستەی دامەزرێنەری گۆڕان پێیوایە رێککەوتنی حزبەکەی و یەکێتی ”تەنھا بەرژەوەندی گشتی“ تێدایە و ئێستاش یەکێتی پێی خۆشە ”خورما و مێوژیش بخوات و لەنێوان دوو بەرداشی پارتی و گۆڕان دایە“.

مەحموود بی کەی سی هۆشداریی دەداتە یەکێتی، بەوەی گۆڕان ”تا ساڵیادی رێککەوتنەکە ئاراممان هەیە“ و ئەگەر ئەو حزبە جێبەجێی نەکات، ئەوا گۆڕان ”ناچارە ڕێککەوتنەکە ھەڵبووەشێنینەوە“.

رۆژی دووشەممە 8.5.2017، سەرکردایەتیی هاوبەشی یەکێتی و گۆڕان کۆبوونەوە بەمەبەستی کاراکردنی رێککەوتنی نێوانیان، بەڵام نەگەیشتوونەتە رێککەوتن و یەکێتی بە شاندی گۆڕانی راگەیاندووە، کە ئەوان جارێ پەلەیان نییە، چونکە ”کێشەی ناوخۆیی“ان ھەیە.

رۆژی سێشەممە 17ـی ئایاری 2016، بە ئامادەبوونی جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، کۆسرەت رەسوڵ عەلی، جێگری یەکەمی تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا، رێکخەری گشتیی گۆڕان رێککەوتننامەی هاوبەشیان لەنێوان حزبەکانیان واژۆ کرد.








باسنیوز
Top