کۆمیتەیەکی باڵا بۆ پێداچوونەوە بە پڕۆگرام و سیستەمی وەرگرتن لە بەشەکانی کشتوکاڵ پێکھات
ئەمڕۆ چوارشەممە، بە سەرپەرشتی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، کۆبونەوەیەک لە نێوان راگرانی کۆلێژەکانی کشتوکاڵی لە ھەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، کۆمیتەیەکی باڵا بۆ پێداچوونەوە بە پڕۆگرام و سیستەمی وەرگرتن لە بەشەکانی کشتوکاڵ پێکھات.
.
لەو کۆبونەوەیەدا، کە نوێنەری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ئامادەی بوو، لە سەرەتای کۆبونەوەکەدا، د.یوسف گۆران، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لەبارەی ئامانجی کۆبونەوەکە، راگەیاند: "لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا دەستمان بەپێداچونەوە بە پڕۆگرام و شێوازی وەرگرتن لە زۆربەی بەش و کۆلێژەکان کردوە، بەھەمان شێوە بەپێی پیداویستی و گۆڕانکارییەکانی سەردەم، دەمانەوێ پێداچونەوەی تەواو بە بەشەکانی کشتوکاڵ لە زانکۆکانی کوردستان بکەین".
وەزیری خوێندنی باڵا، ئەوەشی خستەڕوو: "لە ماوەی ڕابردوودا بەھۆی تێکدانی لادێیەکان و راگواستنی دانیشتوانەکەی، کەرتی کشتوکاڵی زیانی زۆری بەرکەوت، بەڵام ئێستا ئاراستەیەکی بیرکردنەوە لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەیە بۆ ئەوەی چیتر پشت بەیەک سەرچاوەی داھات نەبەسترێ، بۆیە لەو ڕوانگەیەوە پێویستە بایەخی زیاتر بە بواری کشتوکاڵی بدەین، چونکە بنەماکانی کشتوکاڵی لە کوردستان زۆر بە ھێزە".
لەبارەی پێکھێنانی ئەو کۆمیتەیە، گوتیشی: "کاری ئەو کۆمیتەیە کە ئەمڕۆ چوارشەممە، بڕیاری لەسەر دەدەین، تەنھا پێداوچونەوە بەپڕۆگرامەکانی خوێندن نییە، بەڵکو دەستنیشانکردنی شێوازی وەرگرتنیشە، ئەو کارەشمان بۆ ئەوەیە ھەوڵ و ماندوبوونەکانی مامۆستایان، قوتابیان و خەرجییەکانی حکوومەت بەفیڕۆ نەڕوات".
bas news-
