سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان لەدۆخی مەسیحییەکان و کەنیسەی ڕۆژھەڵاتی ئاشووری دەکۆڵێتەو
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 10-5-2017 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، پێشوازی لە پاتریاک مار گۆرگیس سڵیوە، سەرۆکی کەنیسەی ڕۆژھەڵاتی ئاشووری لە کوردستان و جیھان و شاندێکی یاوەری کرد کە لە ئەسقوفەکانی ھەریەک لە وڵاتانی ئەمەریکا، کەنەدا، ئەورووپا، سووریا، ئێران و ھەولێر پێکھاتبوو.
لە دیدارێکدا دۆخی مەسیحییەکان لە عێراق و ھەرێمی کوردستان بە گشتی و بەتایبەتیش دۆخی پەیڕەوانی کەنیسەی ڕۆژھەڵاتی ئاشووری خرایە بەر باس و گفتوگۆ.
لەمبارەیەوە پاتریاک مار گۆرگیس، پوختەیەکی دەربارەی دۆخی مەسیحییەکان لە شارەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان و کار و ئەرکەکانی کەنیسەکەیان پێشکەش کرد، ھەروەھا سوپاسی ھاوکاری و پشتگیرییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بەتایبەتی پشتگیرییە ڕاستەوخۆکانی سەرۆک وەزیرانی بۆ کار و چالاکی و بنیاتنانی کەنیسەی کاسۆلیکی لە ھەولێر کە لە قۆناغی جێبەجێکردندایە، کرد.
پاتریاک مار گۆرگیس و شاندی یاوەری خۆشحاڵیی خۆیان بە ئارامی و پێشکەوتنەکانی ھەرێمی کوردستان دەربڕی کە وێڕای سەرکەوتنی پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆر، ئەم ساڵانەی دوایی ھەرێمی کوردستان پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و جێگەی سەرنجی میوانانی ڕێوڕەسمی دانانی ئەسقوفی کەنیسەی ڕۆژھەڵاتی ئاشووری لە ھەولێر، مەتران مار ئەپرس بوو کە لە ھەموو کەنیسەکانیان لە سەرتاسەری جیھانەوە ھاتبوون و ماوەی چەند ڕۆژێک لە ھەولێر مانەوە.
ھیواشی خواست دۆخی عیراق و ھەرێمی کوردستان دوای نەمانی تیرۆرستانی داعش بەرەو ئارامی و پێشکەوتنی زیاتر بڕوات و ئاوارە و پەنابەران بگەڕێنەوە سەر زێد و ماڵ و حاڵی خۆیان و پەیڕەوانی کەنیسەکەیان لە ھەموو شوێنێک بەتایبەتی لە دەشتی نەینەوا ئەرکە ئایینییەکانیان بە ئازادی ئەنجام بدەن.
لای خۆیەوە سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی مەتران مار ئەپرس، ئەسقوفیەی نوێی کەنیسەی ڕۆژھەڵاتی ئاشووری کرد و ھیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکانیدا بۆ خواست.
دووپاتیشی کردەوە کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پشتگیرییەکی تەواو لە کەنیسەی کاسۆلیکی دەکات و بە پێزانینەوە دەڕوانێتە بڕیاری ئەو کەنیسەیە کە سەرەڕای دۆخی نالەباری ھەرێمی کوردستان، کەنیسەکەیان لە ئەمەریکاوە گەڕاندەوە ھەرێمی کوردستان و سوپاسی پاتریاک و کەنیسەی کاسۆلیکی کرد کە متمانەیان بە ھەرێمی کوردستان و حکوومەتەکەی ھەیە و ئەوانیش لای خۆیانەوە تا سەر ئەو متمانەیە دەپارێزن.
نێچیرڤان بارزانی، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە دۆخی ئاوارە مەسیحییەکان لە ھەرێمی کوردستان کرد و دووپاتی کردەوە کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان وێڕای پێشکەشکردنی ھەموو پشتگیرییەک بۆ ئەو خوشک و برا مەسحییانەی لە ھەرێمی کوردستان لە ژیانی ئاوارەییدان، پشتگیری لە گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان دەکات و ئەوەی لە توانایدا بێت بۆ ھاوکاری و دووبارە ئاوەدانکردنەوەی شوێنەکانیان، درێغی ناکات.
bas news-
