ئۆجەلان: هەڕەشەی نەخوێندەوارێکی پەکەکە لە هەرێم و تورکیا، قەرەبووی شکستەکانیان ناکاتەوە
(عوسمان ئۆجەلان) سیاسەتوان و برای ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان جەخت دەکاتەوە: "باڵێک لەناو پەکەکە دژایەتیی پرسی نەتەوەی گەلی کورد دەکەن، باڵی ئانکارایان پێدەگوترێت و بریتیتن لە (رەزا ئاڵتوت، دۆران کاڵکان، سەبری ئۆک، جەمیل بایک، عەلی حەیدەر قایتەران)، هەڵبەت ئەمانە کەسانی بیرچەپن و باوەڕیان بە پرسی نەتەوەیی نییە و کار دەکەن بۆ سەرکەوتکردنی بیری نەتەوەیی لە ناو پەکەکەدا."
(عوسمان ئۆجەلان) کە خۆی پێشتر یەکێک بووە لە سەکردەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە- و وەک لە چەندین دیداری مێدیاییدا ڕوونی کردووەتەوە، هەر ئەو ململانێ و دوورکەوتنەوەی پەکەکە لە بیری نەتەوەیی، سەرەکیترین هۆکار بووە کە وازی لێ بێنێ و لەبارەی ململانێکانیشەوە زیاتر دەڵێ، "ئەو باڵەی لەسەرەوە ناوم بردن، باڵی بەرانبەریان چەوساندووەتەوە چونکە جیاوازتر لەوان بیر دەکەنەوە."
(رەزا ئاڵتوون) کە ئەندامی كۆنسەی بەڕێوەبەریی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە)یە، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی "فورات نیوز"ـی سەر بە حزبەکەی گوتوویەتی، لەمەودوا باشووری كوردستان بە گۆڕەپانی شەڕی خۆیان دەزانن و، پەیوەندیی باشی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستانیش دەکەنە ئامانجی هێرشەکانیان.
لەوبارەوە ئەو سیاستوانەی باکووری کوردستان دەڵێ، "(رەزا ئاڵتون) کە کراوە بە بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆما جڤاتی کوردستان (کەجەکە)، خوێندەواری نییە و لەسەر شەقام فێری خوێندن و نووسین بووە، ئەو بیری سیاسی ئەوەندە تەسکە، لە باشووری کوردستانەوە هەڕەشە لە تورکیا دەکات، خۆی پەکەکە بە نوێنەرایەتیی ئەو گرووپە ڕۆژئاوای کوردستانیشیان خستووەتە گێژاوەوە و دوور نییە ڕۆژئاوا و باشوور تووشی شەڕێک بکەن، ئاخر کاتێک (رەزا ئاڵتون) دەڵێت باشوور دەکەینە مەیدانی جەنگ یانی چی؟".
(ئۆجەلان) دووپاتی دەکاتەوە کە پارتی کرێکارانی کوردستان، لە باکووری کوردستان تووشی شکستی گەورە بووە و توانای ھەڵسانەوەی نەماوە و گوتیشی، "پەکەکە فەلسەفەیەکیان ھەیە کە ئەوەیە، لە ھەر شوینێک بۆیان بکرێت دەیکەنە مەیدانی جەنگ، بۆیە دەیانەوێت شەڕی خۆیان لە باکووری کوردستانەوە بگوازنەوە بۆ باشووری کوردستان و بۆیان بکرێت باشووری کوردستان تووشی شەڕێکی یەکجار قورس دەکەن لەگەڵ تورکیا. ئاخر تۆ لە باشوورەوە مووشەک بگریتە تورکیا و ھێرش بکەیتە سەر دامەزراوەکانی تورکیا و، لە هەرێمی کوردستانەوە و ھەڕەشە لە وڵاتانی دراوسێی بکەیت، بێگومان ئەوانیش دەستەوەستان ناوەستن و دەتکەنە ئامانج، خۆی ئەمە هۆکارە کە دەیانەوێت خەباتی چەکدارییان لە باکووری کوردستانەوە بگوازنەوە بۆ باشووری کوردستان و ڕەنگە شارەکانیش بکەنە ئامانج".
kdp-
