"جێگرێکی دیکە بۆ پارێزگاری دھۆک دیاری دەکرێت"
(ئیدریس ھەرکی)، سەرۆکی لیژنەی یاساییی ئەنجومەنی پارێزگای دھۆک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لە مانگی ئاداری ڕابردوودا بە نووسراوی فەرمی داوامان لە پارێزگاری دھۆک کردووە، ناوی سێ کاندید بەرز بکاتەوە بۆ ئەنجومەن تا جێگری پارێزگار بۆ کاروباری ئیداری دابنرێت، بەڵام تا ئێستا ئەو پرسە یەکلا نەبووەتەوە و ھەردوو قەزای ئاکرێ و زاخۆ داوای جێگری پارێزگار دەکەن، ئەو پۆستەش پشکی پارتی دیموکراتی کوردستانە و جێگری دیکەی پارێزگار دراوە بە یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، ئەویش بە پێی ڕێککەوتنی نێوان پارتی و یەکگرتوو، چاوەڕوان دەکرێت لە داھاتوویەکی نیزیکدا جێگری دیکەی پارێزگار دەستنیشان بکرێت و لە ئەنجومەن دەنگی لەسەر دەدرێت.''
(ھەرکی) ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''داوایەکی دیکەمان ئاراستەی پارێزگاری دھۆک کردووە، بۆ گۆڕینی بەڕێوەبەرە گشتییەکانی سنووری پارێزگای دھۆک، بەتایبەتی ئەوانەی ساڵانێکە لە پۆستەکانیاندا بەردەوامە و پێویستە گۆڕانکاری بەسەردا بێت، ھەروەھا سێ بەڕێوەبەری دیکەی گشتی بە وەکالەت دانراون و ئێستا سەرقاڵی ئەوەین خەڵکی دیکە لە شوێنیان دابنرێن، چونکە بە پێی یاسا تەنیا دەتوانن بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بە وەکالەت لە سەر ئەرک بەردەوام بن و بۆ ڕاییکردنی زیاتری مامەڵەی ھاووڵاتییان پێویستیان بە گۆڕینە.''
.kdp-
