لوقمان کاکەیی: بکوژرانی شەهیدکردنی محەمەد یونس ئاشکرا بوون
(لوقمان کاکەیی)، کارگێڕی لقی ٣ی پارتی لە کەرکووک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''دوای ڕووداوی شەھیدکردنی (محەمەد یونس)، جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای گازی باکوور، ھەندێ سەرەداومان بەدەست گەیشتووە و ھەموو بەڵگەکان ڕادەستی لیژنەی لێکۆڵینەوەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق کراون، ئەوانیش لای خۆیانەوە کاریان لەسەر کردووە، کامێراکانی چاودێری نیزیک ڕووداوەکە چونییەتیی تیرۆرکردنی ھەڤاڵ (محەمەد یونس)یان تۆمار کردووە و ھەمووشی پێشان دراوە، کە چی ڕووی داوە.''
کارگێڕی لقی ٣ی پارتی لە کەرکووک دەشڵێت: ''بە پێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان، لەنێو ئۆتۆمبێڵێکی تابلۆی پارێزگای سلێمانییەوە تەقە لە (محەمەد یونس) کراوە و سێ کەس لەنێو ئۆتۆمبێڵەکەدا بوون، ھەرسێ تۆمەتبارەکەش سەر بە پۆلیسی ئامادەن لە سلێمانی، بەڵام ناسنامەی حزبیان دیار نییە، لیژنەی لێکۆڵینەوە و ئێمەش دۆسیەکەمان بە ناوی تۆمەتبارانەوە، ڕادەستی پارێزگاری کەرکووک، (د. نەجمەدین کەریم) کردووە، چاوەڕێی دەستگیرکردنیانین، ھیوادارین لە ئایندەیەکی نیزیکدا دەستگیر بکرێن.''
kdp-
