"هاوردەكردنى كەلوپەلى ئەڵمانیا بۆ عێراق و هەرێمى كوردستان بایى ٨٠٠ ملیۆن یۆرۆیە"

بەڕێوەبەرى نووسینگەى پەیوەندییەكانى پیشەسازى و بازرگانیى ئەڵمانیا لە عێراق ڕایگەیاند، هاوردەكردنى كەلوپەلى ئەڵمانیایی بۆ عێراق و هەرێمى كوردستان لەساڵى ٢٠١٦دا بایى ٨٠٠ ملیۆن یۆرۆیە.

(نەسرین خەلیل)، بەڕێوەبەرى نووسینگەى پەیوەندییەكانى پیشەسازى و بازرگانیى ئەڵمانیا لە عێراق دەڵێت، ساڵى ٢٠١٣ لەگەڵ دابەزینى نرخى نەوت و هاتنە پێشەوەى شەڕى تیرۆر، نیزیكەى ٥٠ كۆمپانیاى ئەڵمانیا لە عێراق و هەرێمى كوردستان كشانەوە و گەڕانەوە بۆ وڵاتەكەى خۆیان، چونكە نەیاندەتوانى درێژە بە پڕۆژەكانیان بدەن و كەلوپەلەكانیان بفرۆشن.

(نەسرین خەلیل) نایشارێتەوە، كە ئۆفیسى نووسینگەكەیان لە شارى بەسرا دواى هاتنە پێشەوەى تۆڕى تیرۆریستیى دەوڵەتى ئیسلامى، ناسراو بە داعش، داخست و دەشڵێت، بەر لە تێكچوونى بارودۆخى ئابووریی عێراق و هەرێمى كوردستان، ٨ كارمەند لە نووسینگەكەى ئەوان كارى دەكرد، بەڵام لە ساڵى ٢٠١٦دا بوو بە یەك كارمەند، لەكاتێكدا حكوومەتى ئەڵمانیا ١٣٠ نووسینگەى پەیوەندییە بازرگانى و پیشەسازییەكانى لە ٩٠ وڵاتى جیهاندا هەیە، كە دووانیان لە هەولێر و بەغدایە.

(نەسرین خەلیل)، ئومێدى بە چاكبوونى دۆخى ئابووریى هەرێمى كوردستان هەیە، بە هۆى ئەو ڕیفۆرمەى حكوومەت دەستى پێ كردووە لە بوارى ئابوورى و دارایى خۆیدا و دەڵێت: ''ئێستا هەوڵى ڕیفۆرمێك دەدرێت و ئێمە ئەو گۆڕانكارییە دەبینین، ئەوان لە ڕابردوو فێر بوونە، هەوڵ دەدەن تێچووەكانیان كەم بكەنەوە و ڕەنگە بەو شێوەیە بتوانن بۆ ٢٠٢٠ كوردستان بگەڕێتەوە بارى ئابووریى جارانى خۆى، ڕەنگە باشتریش ببێت، چونكە حكوومەتى هەرێمى كوردستان هەوڵ دەدات، ڕۆڵى كەرتى تایبەت فراوانتر بكات.''

kdp-
Top