بە بەڵگە.. بەهۆی خۆدزینەوەی سۆران عومەر لە دادگا هونەرمەندێک زیندانی دەکرێت

 بە بەڵگە.. بەهۆی خۆدزینەوەی سۆران عومەر لە دادگا هونەرمەندێک زیندانی دەکرێت
بەهۆی ئەوەی سۆران عومەر، سەرۆکی لێژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی کوردستان و ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، ئامادە نییە بچێتە بەردەم دادگا، ئەگەر هەیە هونەرمەندێک دەستگیر بکرێت.

هاوڕێ کاوە، هونەرمەند، لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، چەند بەڵگەنامەیەکی بڵاو کردەوە کە تێیدا دەردەکەوێت، لە ماوەی ڕابردوودا، وەک کەفیل واژووی لەسەر نووسراوێکی وەزارەتی داد کردووە، بۆ ئەوەی سۆران عومەر ئازاد بکرێت و لە هەر کاتێکدا دادگا داوا بکات، ئەو پەرلەمانتارە بچێتەوە بەردەم دادگا، بەڵام سۆران عومەر خۆی لە دادگاییەکە دزیوەتەوە و نەچووەتەوە بەردەم دادگا.

لەمبارەیەوە ئەو هونەرمەندە بە سۆران عومەر دەڵێت: ”تۆ سەرۆکی لێژنەی مافی مرۆڤی، کەچی خەریکی بێباکانە ژیانی مرۆڤێک بە نەخۆشییەوە دەخەیتە ناو زیندان، تکایە لەماوەی تەنها 7 ڕۆژدا وەرە ڕانیە و بەردەم دادگا، ئەو شکۆیە بۆ خۆت و منێکی هونەرمەند و ڕۆژنامەنووسیش بگێڕەوە، ئەگەرنا من کوڕی ناو هەناودانی دەڤەرەکەمم، ڕای شەقام بەرامبەر خۆت و بیرکردنەوەت ئەرێنی نابێ ئاگاداربە“.

جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە ”وەک ئەرکێکی ئەخلاقی و ڕۆژنامەنووسی“، ”کای خۆی“ بووەتە کەفیلی سۆران عومەر، بەڵام ”ئێستاش دادگا دەیەوێ لەبەرامبەر ئامادەنەبوونی“ سۆران عومەردا زیندانی بکات.

هەر هەمان هونەرمەند لە ڕوونکردنەوەی دووەمدا کە لە پەیجی خۆی بڵاوی کردووەتەوە، ئەوەی ئاشکرا کردووە کە پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ پەرلەمانتارەکەی کۆمەڵی ئیسلامی ئەنجام داوە و ئاشکرای کردووە: ”سۆران عومەر پێی ڕاگەیاندم کە بە زووترین کات دێت، یاخود کەسێک ڕادەسپێرێت کەفالەتەکە لەسەر من لاببات و بێتە بەردەم دادگای لێکۆڵینەوەی ڕانیە“. لە کۆتاییشدا هیوای خواستووە، سۆران عومەر ”خاوەنی بەڵێنی خۆی بێ و ئەم کێشەم لەکۆڵ بکاتەوە“.

ئەمە یەکەمین کەیس نییە کە تێیدا سۆران عومەر ئامادە نییە بچێتە بەردەم دادگا، بەڵکو کەیسی بێسەروشوێنبوونی محەمەد سیاسیی ڕۆژنامەنووسیش هەیە کە لەلایەن دادگای هەولێرەوە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سۆران عومەر دەرکراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەو پەرلەمانتارەی کۆمەڵی ئیسلامی پارێزبەندیی یاسایی هەیە، ئامادەنەبووە بچێتە بەردەم دادگا.








باسنيوز
Top