دیندار زێباری: پێویستە لایەنە نێودەوڵەتییەکان هەماهەنگی زیاتر بکەن بۆ گەیاندنی واقعی هەرێمی کوردستان و راستییەکان بە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی

دیندار زێباری: پێویستە لایەنە نێودەوڵەتییەکان هەماهەنگی زیاتر بکەن بۆ گەیاندنی واقعی هەرێمی کوردستان و راستییەکان بە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی
بە مەبەستی پتەوکردنی هەماهەنگی نێوانیان لە بواری ئاڵوگۆڕی زانیاری و گەیاندنی راستییەکان بە کومەڵگای نێودەوڵەتی رۆژی سێشەممەی رێکەوتی 9/5/2017 لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان و ژمارەیەکی زۆری ئەو رێکخراو ناحکومییە نێودەوڵەتییانەی لە هەرێمی کوردستان کاردەەکەن، کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانیان ساز کرد.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکە د.دیندار زێباری سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان تیشکی خستە گرنگی ئەرک و کاری ئەو رێکخراوانە لە گەیاندنی راستییەکان و، لەم بارەیەوە وتی: لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا حکومەتی هەرێمی کوردستان رووبەڕووی چەندین تەحەدیات بۆوە بەتایبەتی لە بواری مرۆیی، سەرەتای ئەم تەحەدیاتانە خۆی لە هاتنی سەدان هەزار پەنابەری سووری بوو، چونکە حکومەتی هەرێمی کوردستان باوەشی بۆیان کردەوە و بە ئیمکانیاتانەی لەبەر دەستیدا هەبوون هاوکاریی کردن و شوێنی حەوانەوە و خۆراکی بۆ دابینکردن، دواتر تیرۆریستان داعش هێرشیان کردە سەر موسڵ و چەندین ناوچەی دیکەی کوردستان ئەمەش شەڕێکی سەپێنراوی نەخوازراو و ئاوارە بوونی زیاتر لە یەک ملیۆن و نیو هاووڵاتی لێکەوتەوە و دوای دەستپێکردنی شەڕی ئازداکردنەوەی شاری موسڵ هاتنیان بەردەوامە و لەو کاتەشدا حکومەتی فیدڕاڵ بودجەی و موچەی خەڵکی کوردستانی بڕی ئەمەش گرفتەکانی حکومەتی هەرێمی زۆر زیاد کرد، بەڵام سەرەڕای ئەمەش پێشوازی لە ئاوارەکان کرد و رووبەڕووی ئەم شەڕەش بۆوە ئەمەش ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر قورستر کرد.
زێباری لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە گرنگی رۆڵی لایەنە نێودەوڵەتییەکان لە هەرێمی کوردستان کرد و وتی: بەداخەوە بێ لەبەرچاوگرتنی ئەو ئەرکەی کەوتۆتە سەرشانی حکومەت، هەندێک لایەنی نێودەوڵەتی راپۆرت، لێدوان، بەیاننامە بڵاو دەکەنەوە و تیشک دەخەنە سەر هەندێک بابەت و پێشێلکاری بچووک کە رەنگە لە کاتی شەڕەکانی ئازادکردنەوەی ئەو ناوچانەی کەوتبوونە ژێر دەسەڵاتی داعش روویاندا بێت و زیاتر دەرەنجامی شەڕە وەک رووخانی ماڵی هاووڵاتیان و نەگەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر زێدی خۆیان و دەستگیرکردنی گومانلێکراوان داواکراوان، بێ ئەوەی ئاماژە بە هۆکاری روودانی ئەم جۆرە کارانە بکەن، چونکە ئاشکرایە ناوچەکە شەڕێکی قورسی تێیدا روویدا و بەشێکی زۆری خانووی هاووڵاتیانی ناوچەکە بە کورد و عەرەب و پێکهاتەکانی تریشەوە رووخاون.
هەروەها بەهۆی نزیکی ناوچەکانیان لە هێڵەکانی تەماسەوە و مینڕێژکردنی خانووەکانیان لەلایەن داعشەوە دانیشتوانی ئەم ناوچانە نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە سەرزێدی خۆیان و هێزی پێشمەرگە و لایەنە ئەمنییەکان رێگر نەبوون لە گەڕانەوەیان بەڵکو ئەم کارەیان ئەنجامداوە بۆ پاراستنی سەروگیانیان، بە هەمان شێوە زۆر جار لایەنە نێودەوڵەتییەکان تێبینی و سەرنجی خۆیان دەخەنە روو دەربارەی دەستگیرکردنی هاووڵاتیانی ناوچە تازە ئازادکراوەکان و مامەڵەی هێزە ئەمنییەکان لەگەڵیان، دیارە لایەنە ئەمنییەکان چەند رێوشوێنێکی ئەمنی دیاریکراو دەگرنە بەر لەو ناوچانە کە هاووڵاتیانی هەموو پێکهاتەکانی ناوچەکە دەگرێتەوە بەبێ جیاوازی بەتایبەتی لەو بازگانەی کە لە هێڵەکانی تەماسەوە نزیکن و هەر کەسێکیش کە داواکراو بێت لەلایەن دادگاوە یان بە بەڵگە بسەلمێنرێت کە پەیوەندی بە تیرۆریستانەوە هەیە، ئەوا دەستگیر دەکرێت و رێوشوێنی ئاسایی و یاسایی بەرامبەر دەگیرێتە بەر. هەروەها هەموو مافێکیشی دەبێت وەک ئاگادار کردنەوەی کەسوکاری لە هۆکاری دەستگیر کردنی و بوونی پارێزەر و سەردانی خزم و کەسی و رێکخراوەکان بۆیان، تەنانەت ئەگەر پارێزەریشی نەبێت ئەوا چەند رێکخراوێک ئەرکی دابینکردنی پارێزەری دەگرنە ئەستۆ، زێباری لە درێژەی قسەکانیدا وتی: بەداخەوە هەندێک لایەنی نێودەوڵەتی ئەمانە باس ناکەن و بێ بوونی بەڵگە راپۆرت و بەیاننامەی توند دژی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم بڵاو دەکەنەوە و تەنانەت بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤیش تۆمەتباری دەکەن، لە کاتێکدا پێویستە زۆر وردتر بن لە نووسینی راپۆرتەکانیان.
سەبارەت بە کەیسەکانی دیکەی تایبەت بە رەوشی مافی مرۆڤ کە رێکخراو و لایەنە نێودەوڵەتییەکان باسی دەکەن دیندار زێباری وتی: زۆر جار لایەنە نێودەوڵەتییەکان لە راپۆرتەکانیاندا پشت بە چەند سەرچاوەیەک دەبەستن کە ورد نین لە پێدانی زانیارییەکانیان و و زیاتر هەست بە نەفەسی ئۆپۆزسیۆن زانیارییەکان بڵاو دەکەنەوە بێ ئەوەی ورد بن لێیان بەتایبەتی سەبارەت بە رەوشی گرتووخانەکان و چەند کەیسێکی دیکە، بۆیە ئێمە داوامان وایە ئەو سەرچاوانە لایەنە نێودەوڵەتییەکان پشتیان پێ دەبەستن سەرچاوەی راستگۆ بن، چونکە حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوکاری و هەماهەنگی لایەنە نێودەوڵەتییەکان دەکات لە بارەی گرتووخانەکان و لەم رووەوە دەستی بە بەرنامەیەکی بەرفراوان کردووە بە سەرۆکایەتی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان و بە هاوبەشی لەگەڵ یۆنامی و یۆنسیف و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری رەوشی گرتووخانەکان بن و راپۆرتی خۆیان بە نەتەوەیەکگرتووەکان رابگەیەنن.
نوێنەرانی رێکخراوە ناحکومییە بیانییەکان لەلایەن خۆیانەوە خۆشحاڵی خۆیان بۆ ئەم کۆبوونەوە دەربڕی لە هەمان کاتدا ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ هەماهەنگی زیاتر لەگەڵ حکومەتی هەرێم بەتایبەتی لە بواری ئاڵوگۆڕی زانیاری و داتاکان و داوایان لە لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان کرد کە لەو زانیاریانەی سەبارەت بە وەڵامدانەوەی لایەنە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەوەی سوودیان لێوەربگرن.
لەکۆتایی کۆبوونەوەکە سەبارەت بە رۆڵی رێکخراوەکان لە گەیاندنی راستییەکان بە کۆمەڵگای مەدەنی سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان وتی: ئێوە لە کوردستان کارەکانی خۆتان ئەنجام دەدەن و رۆژانە رەوشی نالەباری ئاوارە و راگوێزراواوەکان دەبینن و سەردانی کەمپەکانیان دەکەن، بۆیە پێویستە ئێوەش لە لای خۆتانەوە واقعی هەرێمی کوردستان و ئەو رەوشە نالەبارەی لە ئەنجامی بوونی نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەر رووبەرووی بۆتەوە بە لایەنی نێودەڵەتی رابگەیەنن، بۆ ئەوەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی درک بەو بارودۆخە بکات و هاوکاری زیاتر پێشکەش بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات کە لە ئێستادا زۆر پێویستی پێیەتی.















ئا. خه ليل بله يى
Top