بەڕێوەبەری بانکێکی هەولێر دەستگیر دەکرێت
سەرچاوەیەک کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، ڕاگەیاند، (ع. ع. ی) کە بەڕێوەبەری بانکی (زانکۆ)یە لە شاری هەولێر، ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو 7/5/2017، لەلایەن هێزێکی پۆلیس و لە شوێنی کارەکەیدا بە فەرمانی دادوەر دەستگیر کراوە.
سەرچاوەکە ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ئەو بەڕێوەبەری بانکە، لەسەر تۆمەتێکی گەندەڵی بە بڕی (3) ملیار دیناری عێراقی، لەلایەن دادوەرەوە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکراوە و تاوەکوو ئامادەکردنی ئەم هەواڵەش، بڕیاری ئازادکردنی بە کەفالەت بۆ دەرنەکراوە.
لەمبارەیەوە ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەسپاکیی هەرێمی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”ئێمە هیچ کۆمێنتێکمان لەسەر قۆناغی لێکۆڵینەوە نییە، دونیایەک کەیسمان لەبەردەستە و ئەوە یەکێکە لە کەیسەکان. بە گشتی کەسانێک بانگ دەکرێن و دەستگیر دەکرێن و بە بڕیاری دادوەر ئازاد دەکرێن، ئێمە قسە لەسەر ئەو قۆناغە ناکەین، بەڵکوو حاکم سەیری کەیسەکە دەکات، ئەگەر پێی باش بوو، بە کەفالەت ئازاد دەبێت“.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە ئەو کێشەیەی پەیوەندی بە بانکەکانەوە هەیە، ”کێشەیەکی گەورەیە و ماوەی ساڵێکە لێکۆڵینەوەی لەبارەوە دەکرێت و خەڵکێکی زۆر لەسەر ئەو دۆسیەیە بانگ کراون“.
ئەندامان و بەرپرسانی لێژنەی چاکسازی ئاماژە بەوە دەکەن کە لە چوارچێوەی ئەو پرۆسە چاکسازییەی کە مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستاندا ڕای گەیاندووە، بڕێکی زۆر لە موڵک و ماڵی گشتییان لە بەفیڕۆچوون ڕزگار کردووە و بۆ خەزێنە و موڵک و ماڵی حکوومەتیان گەڕاندووەتەوە.
باسنیوز
