جەنەڕاڵ تۆم بێکت: لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان پێشمەرگە سەلماندی کە براندێکی ھێزی نێودەوڵەتییە
ئەمڕۆ "مەسرور بارزانی" راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان لە میانی پێشوازیکردن لە جەنەڕاڵ "تۆم بێکت" نێردەی تایبەتی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بۆ کاروباری ئاسایش لە ھەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری، جەختی لە گرینگی یەکخستنەوە و پڕچەککردنی پێشمەرگە کردەوە بە شێوەیەک ھاوتای ستراتیژی ئاسایشی ئیقلیمی و روبەڕووبوونەوەی ھەڕەشەکان بێت.
لە دیدارێکدا، کە بە ئامادەبوونی "فرانک بێکەر" بالیۆزی بەریتانیا لە عێراق و "جۆن شارب" ھەڵسوڕێنەری کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە ھەولێر بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لەبارەی بەردەوامی پێشڤەچوونە سەربازییەکانی دژ بە تیرۆریستانی داعش و پشتیوانی درێژخایەنی بەریتانیا بۆ ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان کرا.
لە دیدارەکەدا مەسرور بارزانی سوپاسی گەل و حکوومەتی بەریتانیای کرد لەبەرامبەر بەردەوامی و درێژەدانیان لە پشتیوانی و یارمەتیدانی ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە شەڕی دژ بە تیرۆریستاندا و جەختی لە گرینگی یەکخستنەوە و پڕچەککردنی پێشمەرگە کردەوە بە شێوەیەک ھاوتای ستراتیژی ئاسایشی ئیقلیمی و روبەڕووبوونەوەی ھەڕەشەکان بێت.
لەلای خۆیەوە جەنەڕاڵ تۆم بێکت باسی لە گفتوگۆکانی پرۆژەی تیمی بەریتانیا، ئەمریکا و ئەڵمانیا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ھەرێمی کوردستان کرد بە مەبەستی رێکخستنەوە و چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و ھێزەکانی ئاسایشی کوردستاندا و رایگەیاند، لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعشدا پێشمەرگە سەلماندی، کە براندێکی ھێزی نێودەوڵەتییە.
وابڕیارە لە دوو ھەفتەی داھاتوودا پرۆژە ھاوبەشەکەی بەریتانیا، ئەمریکا و ئەڵمانیا بۆ رێکخستنەوە و چاکسازی لە ھەیکەلی وەزارەتی پێشمەرگە بخرێتە بەردەست سەرکردایەتی سیاسی کوردستان بۆ تاوتوکردن و پەسندکردنی.
ھەر لە دیدارەکەدا تیشکخرایە سەر پەرەسەندنە ئیقلیمیەکان و ئەگەری بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش بۆ پاککردنەوەی پاشماوەکانی تیرۆریستان لەدوای رزگارکردنی مووسڵ.
لەکۆتایی دیدارەکەدا نێردەی تایبەتی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بۆ کاروباری ئاسایش لە ھەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە، کە وڵاتەکەی لە راھێنان و مەشقکردن و یارمەتیدانی سەربازی بۆ ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و دەزگاکانی ئاسایش لە دوای کۆتایھاتنی تیرۆریستانی داعشیش بەردەوام دەبێت.
PAYAMNER-
