جەعفەر ئیمنكی: ریفراندۆم پێش هەڵبژاردنی پەرلەمان ئەنجام دەدرێت

جەعفەر ئیمنكی: ریفراندۆم پێش هەڵبژاردنی پەرلەمان ئەنجام دەدرێت
جەعفەر ئیمینکی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند بڕی ٢٢ ملیار دینار تەرخان کراوە بۆ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، بۆ ئەوەی ریفراندۆم ئەنجام بدات، دواتریش هەڵبژاردنی پەرلەمان ئەنجام دەدرێ.


ئەمڕۆ سێشەممە جەعفەر ئیمنكی بەشداری لە كۆربەندێكی زانستی زانكۆی سەڵاحەدین لە هەولێر كرد بە ناوی "رەهەندەكانی فەلسەفەی سیاسی بە دەوڵەتبوونی باشووری كوردستان".


لەبارەی ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕی ٢٢ ملیار دیناری تەرخان کردووە بۆ کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن و ریفراندۆم، ئیمنكی گوتی "بەشێک لەم بڕە پارەیە بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی ریفراندۆم تەرخان کراوە.


جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان جەعفەر ئیمینکی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی هەواڵی AAی توركی گوتی "بڕی ٢٢ ملیار دینار تەرخان کراوە بۆ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکان، سەبارەت بەوەی کە بۆ چ بابەتێک تەرخان کراوە ئەوا جارێ دیاری نەکراوە کەی هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت، بەڵام پڕۆسەی ریفراندۆم باس کراوە و ئەم بڕە پارەیە بەشێکی بۆ ئەم بابەتە تەرخان کراوە".


جێگری سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی بەوەش کرد کە بۆچوونی لایەنە سیاسییەکان لەیەکترەوە نزیک بووەتەوە بۆ ئەنجامدانی پرسی ریفراندۆم و گوتیشی "هەوڵەکان باش بەڕێوەدەچن و ئامادەکارییەکان لە رووی سیاسییەوە باشن بەڵام پێکهێنانی ئەو کۆمیتەیە ماوە کە بڕیارە لە نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان دروست بکرێت و دروستکردنی ئەو کۆمیتەیە خاڵێکی گرنگە".


پێشتر شاندێکی ھاوبەشی پارتی و یەکێتی سەردانی ھێز و لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستانیان کرد و بە شێوەیەکی فەرمی تاوتوێی پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆمیان کرد و دواتریش بۆ ھەمان مەبەست شاندێکی دیکەی ھەردوو حزب سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ سەرکۆمار، سەرۆکوەزیران، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و بەشێک لە لایەنە عێراقییەکان کۆبووەوە.
BAS NEWS-
Top