لە گەرمیان ھەڵمەتی قەڵاچۆکردنی نەخۆشی لیشمانیا بەردەوامە

 لە گەرمیان ھەڵمەتی قەڵاچۆکردنی نەخۆشی لیشمانیا بەردەوامە


تیمە تایبەتەکان بە ھەڵمەتی قەڵاچۆکردنی نەخۆشی لیشمانیا لە گەرمیان، بەردەوامن لە ھەڵمەتی قەڵاچۆکردنی نەخۆشی لیشمانیا (زامی بەغداد) و نزیکەی 70%ی کارەکانیان تەواو بووە.



محەمەد مەدحەت، لێپیراوی بەشی نەخۆشیە گوازراوەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆپاراستنی تەندروستیی گەرمیان، ئەمڕۆ چوارشەممە 9/5/2017 رای گەیاند: "لە بەرواری 16/4/2017ەوە ھەڵمەتی قەڵاچۆکردنی نەخۆشی لیشمانیا کە بە (زامی بەغداد)یش ناودەبرێت، بە ھاوکاری رێکخراوی تەندروستی جیھانی دەستی پێکردوە.



لێپیراوی بەشی نەخۆشیە گوازراوەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆپاراستنی تەندروستیی گەرمیان، ئەوەشی خستەڕوو: "ھەڵمەتەکە لەھەموو گەرمیان بەشارۆچکە، شارەدێ و گوندەکان بەڕێوەدەچیت، و بە دوو شێوازی جیاواز ئەنجام دەدرێت کە بریتییە لە پرژاندنی قڕکەر بەشێوەی ھەڵم لە ئێواراندا، ھەروەھا پرژاندنی قڕکەر لەرێگەی پرژێنەری دەستی لە بەیانیان دا".



ئەوەشی روون کردەوە: "تائێستا 70% ئامانجی ھەڵمەتەکە تەواو بوەو تیمەکانیش بەردەوامن لە کارەکانیان".



لیشمانیا، نەخۆشیەکی گوازراوەیەو ناوەناوە لەھەندێک ناوچەی گەرمیان و ناوچە دابڕاوەکانی نزیک سنوورەکە سەرھەڵدەدات، تەندروستی گەرمیان لەرێگەی ھەڵمەتی ھاوشێوەوە، لەھەوڵی قڕکردنی سەرچاوەی ئەو نەخۆشییەکەیە.

BAS NEWS-
Top