دۆسكی: پارتی و یەكێتی دەتوانن بڕیار بدەن؛ کۆمسیۆنمان هەیە
(دیندار دۆسكی)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "چارەكردنی كێشە و قەیرانەكانی هەرێمی كوردستان لە دەست پارتی و یەكێتیدایە، چونكە ئەو دوو لایەنە دوو هێزی سەرەكین و بەرپرسیارەتیی گەورە دەكەوێتە سەرشانی ئەوان، ئەوان بەرپرسن لە پاشەڕۆژ و ئەو دەرفەتانەی بۆ گەلی كورد دێنە پێشەوە".
(دۆسكی) گوتیشی: "هەموو لایەنەكان لەگەڵ كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستاندان، بەڵام بە باوەڕی من، پەرلەمان بەو شێوەیە كارا ناكرێتەوە، چونكە لایەنەكان دژایەتیی یەكدی دەكەن و بزووتنەوەی گۆڕانیش چەند مەرجێكی هەیە بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان، ئەو مەرجانەیش لە بارودۆخی ئێستادا جێبەجێ ناكرێن، چونكە ناكرێت تۆ لە یەك كاتدا هەرسێ سەرۆكایەتی بگۆڕی".
ئەو سیاسەتمەدارە، هەروەها ڕوونی كردەوە: "بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستاندا، پێویستمان بە هیچ یاسایەك نییە، چونكە ئێمە كۆمیسیۆنمان هەیە و دەتوانێ ئەو كارە بكات، ئێمە لەگەڵ ئەوەداین یەكدەنگی هەبێت، بەڵام ئەگەر لایەنەكانی دیكە هەر لەسەر مەرجەكانی خۆیان بەردەوام بن، پارتی و یەكێتی دەتوانن بڕیارێك بدەن بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان، بێگومان پێویستیشە پەلە بكرێت لە ئەنجامدانی ریفراندۆم، بۆ ئەوەی گەلی كورد دەنگی خۆی بدات"
KDP-
