پۆلیسی هەولێر: سۆران سەقزی لەسەر قەرزداری خۆی كوشتووە
لیوای مافپەروەر (عەبدولخالق تەڵعەت)، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر، بە مێدیاكانی ڕاگەیاند، كاتژمێر (٦)ی ئێوارەی دوێنێ ڕێكەوتی (٨/٥/٢٠١٧)، پۆلیس لە بوونی ڕووداوێكی خۆكوشتن لە كافتریای "زێوە" كە دەكەوێتە سەر شەقامی ١٠٠ مەتری، ئاگادار كرانەوە.
بە وتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر، دوای گەیشتنی پۆلیس بۆ شوێنی ڕووداوەكە، دەركەوتووە كە (سۆران خەلیل) ناسراو بە (سۆران سەقزی)، تەمەن (٣٨) ساڵ، كە پێشتر پێشكەشكاری بەرنامەی "سەیر و سەفەر"ـی كەناڵی ئاسمانیی كوردسات بووە و خاوەنی كافتریای ناوبراویش بووە، بە گوللـەیەكی دەمانچە كە لەسەر سینگی خۆی داوە، گیانی لە دەست داوە.
وەك (عەبدولخالق تەڵعەت) ئاماژەی دا، بە ماوەیەكی كەم پێش خۆكوشتنەكەی، ناوبراو لەگەڵ ژمارەیەك لە هاوڕێ و هاوبەشەكانی سەر كارەكەی، باسی لەوە كردووە كە قەرزێكی زۆری لەسەر كەڵەكە بووە كە بڕەكەی دەگاتە زیاتر لە ملیۆنێك دۆلار.
جەختیشی كردەوە، جگە لەوەی كامێرای چاودێری لە كافتریاكەدا هەیە، وتەی هاوڕێكانی وەرگیراوە و ئاشكرایان كردووە كە لەسەر ئەو قەرزە زۆرە كە نەیتوانیوە بیداتەوە، خۆی كوشتووە.
دەشڵێت، لە ئێستادا دۆسیەی لێكۆڵینەوە بۆ ڕووداوەكە كراوەتەوە و تەرمەكەی هەڵگیراوە و ڕەوانەی پزیشكی دادی كراوە، هەروەها ئەو دەمانچەیەیش كە ناوبراو خۆی پێ كوشتووە، ئێستا لای پۆلیسی بەڵگە و تاوانە.
KDP-
