جه‌نه‌ڕاڵ تۆم بێكت: پێشمه‌رگه سه‌لماندی كه براندێكی هێزی نێوده‌وڵه‌تییه
ئه‌مڕۆ 9/5/2017 (مه‌سروور بارزانی) راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له میانی پێشوازیكردن له (جه‌نه‌ڕاڵ تۆم بێكت) نێرده‌ی تایبه‌تی سه‌رۆكوه‌زیرانی به‌ریتانیا بۆ كاروباری ئاسایش له هه‌رێمی كوردستان و شاندی یاوه‌ری کرد.
له دیدارێكدا، كه به ئاماده‌بوونی (فرانك بێكه‌ر) بالیۆزی به‌ریتانیا له عێراق و (جۆن شارب) هه‌ڵسوڕێنه‌ری كونسووڵی گشتیی به‌ریتانیا له هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو، گفتوگۆ له‌باره‌ی به‌رده‌وامی پێشڤه‌چوونه سه‌ربازییه‌كانی دژ به تیرۆریستانی داعش و پشتیوانی درێژخایه‌نی به‌ریتانیا بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان كرا.
له دیداره‌كه‌دا (مه‌سروور بارزانی) سوپاسی گه‌ل و حكوومه‌تی به‌ریتانیای كرد له‌به‌رامبه‌ر به‌رده‌وامی و درێژه‌دانیان له پشتیوانی و یارمه‌تیدانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له شه‌ڕی دژ به تیرۆریستان‌دا و جه‌ختی له گرینگی یه‌كخستنه‌وه و پڕچه‌ككردنی پێشمه‌رگه كرده‌وه به شێوه‌یه‌ك هاوتای ستراتیژی ئاسایشی ئیقلیمی و روبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كان بێت.
له‌لای خۆیه‌وه (جه‌نه‌ڕاڵ تۆم بێكت) باسی له گفتوگۆكانی پرۆژه‌ی تیمی به‌ریتانیا، ئه‌مریكا و ئه‌ڵمانیا له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای هه‌رێمی كوردستان كرد به مه‌به‌ستی رێكخستنه‌وه و چاكسازی له وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و هێزه‌كانی ئاسایشی كوردستاندا و رایگه‌یاند، له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆریستانی داعشدا پێشمه‌رگه سه‌لماندی، كه براندێكی هێزی نێوده‌وڵه‌تییه.
جێی باسه وابڕیاره له دوو هه‌فته‌ی داهاتوودا پرۆژه هاوبه‌شه‌كه‌ی به‌ریتانیا، ئه‌مەریكا و ئه‌ڵمانیا بۆ رێكخستنه‌وه و چاكسازی له هه‌یكه‌لی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه بخرێته به‌رده‌ست سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستان بۆ تاوتووكردن و په‌سندكردنی.
هه‌ر له دیداره‌كه‌دا تیشكخرایه سه‌ر په‌ره‌سه‌ندنه ئیقلیمییه‌كان و ئه‌گه‌ری به‌ڕێوه‌چوونی ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش بۆ پاككردنه‌وه‌ی پاشماوه‌كانی تیرۆریستان له‌دوای رزگاركردنی مووسڵ.
له‌كۆتایی دیداره‌كه‌دا نێرده‌ی تایبه‌تی سه‌رۆكوه‌زیرانی به‌ریتانیا بۆ كاروباری ئاسایش له هه‌رێمی كوردستان دووپاتی كرده‌وه، كه وڵاته‌كه‌ی له راهێنان و مه‌شقكردن و یارمه‌تیدانی سه‌ربازی بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و ده‌زگاكانی ئاسایش له دوای كۆتایهاتنی تیرۆریستانی داعش‌یش به‌رده‌وام ده‌بێت.
kdp-
