باشووری ئافریكا خوازیارە پەیوەندییەكانی‌ لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا پەرە پێ بدات

 	 باشووری ئافریكا خوازیارە پەیوەندییەكانی‌ لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا پەرە پێ بدات
لە دیدارێكیدا لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، باڵیۆزی باشووری ئا‌فریكا لە شانشینی ئوردن ڕایگەیاند، سەرمایەدار و بزنسمانانی خۆیان هان دەدەن بێن لە هەرێمی كوردستاندا وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری بكەن، چونكە دەرفەتێكی زۆر باش لە هەرێمی كوردستان بۆ وەبەرهێنان هەیە.

سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی)، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 9-5-2017 پێشوازی لە باڵیۆزی باشووری ئا‌فریكا لە شانشینی ئوردن (جۆن دێڤیس) و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا (دێڤیس) خۆشحاڵیی خۆی بە یەكەم سەردانی بۆ هەرێمی كوردستان دەربڕی و ئاماژەی بەوە دا كە، زۆر شتی لەسەر كوردستان و قارەمانێتیی پێشمەرگەی كوردستان بەرانبەر دیكتاتۆری و تیرۆر بیستووە كە بووەتە سیمبولی بەرگریكردن لە مرۆڤایەتی.

جەختی لەوەیش كردەوە كە، لە یەكەم سەردانیدا بۆ هەرێمی كوردستان بۆی ڕوون بووەتەوە كە ئاساییش و پێشكەوتن لە بوارە جیاوازەكاندا لە هەرێمی كوردستان هەیە و لەم بارەیەیشەوە دەستخۆشی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد كە سەرەڕای قەیرانێكی قورس، توانیویانە ئەو هەموو پێشكەوتنانە بەدەست بهێنن و، ئەمەیشی بۆ خواستی خەڵكی كوردستان بۆ ئاشتی و پێكەوەژیان و تەبایی گەڕاندەوە.

ئەو هەروەها دووپاتیشی كردەوە، وەك باشووری ئا‌فریكا، سەرمایەدار و بزنسمانانی خۆیان هان دەدەن بێن لە هەرێمی كوردستان وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری بكەن، چونكە دەرفەتێكی زۆر باش لە هەرێمی كوردستان بۆ وەبەرهێنان هەیە. ئاماژەی بەوەیش دا، هەرچەندە باڵیۆزخانەیان لە بەغدا نییە، بەڵام هەوڵ دەدەن پەیوەندییەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان و سەردانەكانیان بۆ هەرێم بەردەوام بێت.

لای خۆیەوە، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی كرد و ئاماژەی بەوە دا كە، هەرێمی كوردستان خوازیاری ئەوەیە باشترین پەیوەندی لە بوارە جیاوازەكاندا لەگەڵ وڵاتانی جیهاندا هەبێت و هیوای خواست پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و باشووری ئافریكا گەشەیەكی باش بەخۆیەوە ببینیێت و، ئامادەییی هەرێمی كوردستانیشی بۆ هەر هاوكاری و ئاسانكارییەك لەم بارەیەوە نیشان دا.

(نێچیرڤان بارزانی)، پوختەیەكیشی دەربارەی ڕەوشی عێراق و هەرێمی كوردستان و دەرفەتی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان پێشكەش كرد و، هیوای خواست سەرمایەدار و وەبەرهێنەرانی باشووری ئافریكا سوود لەم دەرفەتە وەرگرن و بێن لە هەرێمی كوردستاندا وەبەرهێنان بكەن.

تاوتوێكردنی ڕەوشی ناوچەكە و شەڕی دژی تیرۆر و چۆنیەتیی پتەوكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.
KDP -
Top