باشووری ئافریكا خوازیارە پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا پەرە پێ بدات
سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی)، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 9-5-2017 پێشوازی لە باڵیۆزی باشووری ئافریكا لە شانشینی ئوردن (جۆن دێڤیس) و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا (دێڤیس) خۆشحاڵیی خۆی بە یەكەم سەردانی بۆ هەرێمی كوردستان دەربڕی و ئاماژەی بەوە دا كە، زۆر شتی لەسەر كوردستان و قارەمانێتیی پێشمەرگەی كوردستان بەرانبەر دیكتاتۆری و تیرۆر بیستووە كە بووەتە سیمبولی بەرگریكردن لە مرۆڤایەتی.
جەختی لەوەیش كردەوە كە، لە یەكەم سەردانیدا بۆ هەرێمی كوردستان بۆی ڕوون بووەتەوە كە ئاساییش و پێشكەوتن لە بوارە جیاوازەكاندا لە هەرێمی كوردستان هەیە و لەم بارەیەیشەوە دەستخۆشی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد كە سەرەڕای قەیرانێكی قورس، توانیویانە ئەو هەموو پێشكەوتنانە بەدەست بهێنن و، ئەمەیشی بۆ خواستی خەڵكی كوردستان بۆ ئاشتی و پێكەوەژیان و تەبایی گەڕاندەوە.
ئەو هەروەها دووپاتیشی كردەوە، وەك باشووری ئافریكا، سەرمایەدار و بزنسمانانی خۆیان هان دەدەن بێن لە هەرێمی كوردستان وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری بكەن، چونكە دەرفەتێكی زۆر باش لە هەرێمی كوردستان بۆ وەبەرهێنان هەیە. ئاماژەی بەوەیش دا، هەرچەندە باڵیۆزخانەیان لە بەغدا نییە، بەڵام هەوڵ دەدەن پەیوەندییەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان و سەردانەكانیان بۆ هەرێم بەردەوام بێت.
لای خۆیەوە، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی كرد و ئاماژەی بەوە دا كە، هەرێمی كوردستان خوازیاری ئەوەیە باشترین پەیوەندی لە بوارە جیاوازەكاندا لەگەڵ وڵاتانی جیهاندا هەبێت و هیوای خواست پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و باشووری ئافریكا گەشەیەكی باش بەخۆیەوە ببینیێت و، ئامادەییی هەرێمی كوردستانیشی بۆ هەر هاوكاری و ئاسانكارییەك لەم بارەیەوە نیشان دا.
(نێچیرڤان بارزانی)، پوختەیەكیشی دەربارەی ڕەوشی عێراق و هەرێمی كوردستان و دەرفەتی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان پێشكەش كرد و، هیوای خواست سەرمایەدار و وەبەرهێنەرانی باشووری ئافریكا سوود لەم دەرفەتە وەرگرن و بێن لە هەرێمی كوردستاندا وەبەرهێنان بكەن.
تاوتوێكردنی ڕەوشی ناوچەكە و شەڕی دژی تیرۆر و چۆنیەتیی پتەوكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.
KDP -
