عەرەفات کەرەم: دەمانەوێت بە ئاشتی لە عێراق جیا ببینەوە
(د. عەرەفات کەرەم) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''بە هەر شیوەیەک بێت، دەمانەوێت بە ئاشتی جیا ببینەوە، نامانەوێت وەک هەندێک وڵاتان بە جەنگ جیا ببینەوە، ڕاپرسی ئەنجام دەدەین و ڕای خەڵک وەردەگرین، بۆ ئەوەی خەڵک بڕیاری خۆی بدات و، بۆ ڕیفراندۆم و سەربەخۆییش پێویستمان بە پەرلەمان نییە، چونکە کۆمیسیۆنمان هەیە.''
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق گوتی: ''هەوڵەکانمان جددییە بۆ ئەوەی هەموو لایەک لەگەڵمان بەشدار بن، پێمان باش نییە بەتەنیا پارتی ئەم کارە بکات، بۆ ئەم کارەش لەگەڵ برایانی یەکێتی قسەمان کردووە، حەز دەکەین هەموو لایەک لەگەڵمان بەشداربن، بۆ ئەوەی یەکدەنگ بین، بۆمان باشترە بەرانبەر بەغدا و وڵاتانی دراوسێ یەکدەنگ بین و ئێستاش هەموو لایەک دژی ڕیفراندۆم نین، بەڵام هەندیک لایەن بۆچوونی تایبەتی خۆیان هەیە لەسەر شێوازی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و، هەندێک لایەن پێیان وایە ڕیفراندۆم لە پەرلەمان ئەنجام بدرێت، بەڵام ئێمە پێمان وایە کە کۆمیسیۆن هەیە و پێویستی بە پەرلەمان نییە، چونکە هەندێک وڵات هەن، کە بەبێ پەرلەمان ڕیفراندمیان ئەنجام داوە.''
(کەرەم)، دەشڵێت: ''ڕێفراندۆم هەموو ئەو ناوچانە دەگرێتەوە، کە پێشمەرگە بە خوێنی خۆی ڕزگاری کردووە، بۆ ئەوەی ئەوانیش چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن.''
kdp -
