میدیایەکی ئێران: سەربەخۆیی کوردستان تاکتیکی ئەمریکایە بۆ خولقاندنی قەیران لە عێراق
لە ڕاپۆرتێکدا کە ماڵپەڕی (تەسنیم) ی سەر بە سوپای پاسداران بڵاوی کردووەتەوە هاتووە "دووبارە خستنەوە بەرباسی گەڵاڵەی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان لەلایەن مەسعوود بارزانییەوە، گۆڕەپانی سیاسیی عێراقی هەژاندووە و تووشی شۆکی کردووە و ئەمەش بەستنێکی لەبارە بۆ پتەوترکردنی پێگەی سەربازیی ئەمریکا و دەستێوەرانی زیارت لە عێراق."
لە ڕاپۆرتەکەی (تەسنیم)دا ئاماژە بەوە کراوە "لە سەرەتای ساڵی نوێی زایینییەوە پارەتە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی جدی پرسی بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆییان هێناوەتە بەرباس. ئەمە لە کاتێک دایە کە زۆرینەی چالاکیی سیاسی – سەربازیی بەغدا لە چەند مانگی ڕابردوودا پاشەکشە بە داعش بووە، چونکە هێنانەبەرباسی پرسی ڕیفراندۆم لە بەرەبەری هەڵبژاردنی پارێزگاکان و پارلەمانی عێراق، عێراق ڕووبەڕووی ئاستەنگ و گرفتی بنەڕەتی دەکاتەوە".
لە درێژدا هاتووە "لە هەلومەرجێکدا کە چاوەڕوان دەکرێت هەولێر بۆ پاشەکەشە و شکستدانی کامڵی داعش هاوتەریبی عێراق هەنگاو هەڵبگرێت، ڕاگەیاندنی ڕیفراندۆم بۆ جیابوونەوە بەمەبەستی ئاستەنگ و تەگەرە دروستکردن لەبەردەم سەقامگیریی ئاشتیدا کارێکی شیاو نییە".
لە درێژەی راپۆرتەکەدا هاتووە "ئێران وەک هێزیکی کاریگەر لە عێراق دۆستی نزیکی عێراق لە ئێستا و داهاتووی عێراقدا دەوری دەبێت، بەڵام لە وەها دۆخێکدا بە خولقاندنی قەیرانێکی دیکە، دەبێتە هۆی گرفت و ئاستەنگ لەبەردەم پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی نیوان بەغدا و تاران و ئەگەری دەستێوەردانی زیاتر لە کاروباری ناوخۆی عێراق پەرە دەستێنێت، بۆیە بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان لەم بارودۆخەدا جێگەی تێڕامانە."
ڕاپۆرتەکەی (تەسنیم) لە درێژە باسی ئەوەشی کردووە "سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە خستنەبەرباسی ئەم پرسانە دەیهەوێت هەڕەشە لە بەغدا بکات و پشکی بوودجەی کوردستان لە بەگدا زیاتر بکات و ڕێککەوتنێکی نوێی نەوتی واژۆ بکات و هاوکات هەوڵ دەدات قەزای شنگال بگەڕێنێتەوە بۆ سەر هەرێمی کوردستان".
لە بەشێکی دیکەی هەمان ڕاپۆرتدا هاتووە "بەڕێوەبردنی ڕێفراندۆمی هەرێمی کوردستان بەبێ ویست و ئیزنی بەغدا نایاسایی و بەڵگەمەند نییە و لە ئەگەری یەکلابوونەوەی ئەم پرسە، تەنیا ئەو وڵاتانە بە فەرمیی دەناسن کە خوازیاری تێکدانی سنووری وڵاتان و سەقامگیریی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن".
پێشتر بەرپرسانی باڵا و فەرمیی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاشکاوانە ڕایانگەیاندووە کە دژی هەرچەشنە جیابوونەوەیەک لە عێراقن و خوازیاری یەکپارچەیی ئەو وڵاتەن و ئاراستەی سیاسەتی ئێران لەڕاستای بەرژەوەندیی عێراق و دژایەتیی تیرۆریزمە."
ئەم هەڵوێست و ڕوانگانەی ئێران و شرۆڤەکارانی ئێرانی لە کاتێک دایە کە سەرکردایەتیی سیاسیی کورد ڕاشکاوانە و بە ئاشکرا هێنانە بەرباسی پرسی ڕیفراندۆم و پاشان سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانیان بە مافی ڕەوا و نەتەوەیی کورد لەقەم داوە و پرسی ڕاپرسی و سەربەخۆیی ویستی لەمێژینەی نەتەوەی کوردە و بە هیچ شێوەیەک جیابوونەوە لە عێراق نییە و ئەم پرسەش لە یاسای عێراقدا گونجێندراوە.
لە ڕۆژانی ڕابردووشدا بەهرام قاسمی، گوتەبێژی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ڕاشکاوانە دژایەتیی ئێرانی لەگەڵ پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند و جەختی لەسەر یەکپارچەیی خاکی عێراق کردەوە و هاوکات عەلی ئەکبەری وەلایەتی ڕاوێژکاری عەلی خامنەیی بۆ کاروباری نێودەوڵەتی لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی تەلەفزیۆنیی (ئەلمەنار) ڕایگەیاند "ئێران لەگەڵ پاراستنی یەکپارجەیی خاکی هەر دوو وڵاتی عێراق و سووریایە و بۆ ئەم پرسەش بە هەموو شیوەکە پیش بە دابەشبوونی ئەم دوو وڵاتە دەگرێت".
پێشتریش ئاڵا تاڵەبانی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لە میانی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی (ئافاق)ی سەر بە نووری مالیکی، ئەوەی ڕاگەیاندبوو کە سەربەخۆیی کوردستان، پیلانێکە لەدژی یەکپارچەیی خاکی عێراق.
باسنيوز
