باشووری ئەفریقیا و کوردستان پەیوەندییەکانیان فراوانتر دەکەن
بەپێی راگەیەندراوێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی سێشەممە 9.5.2017، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە هەولێر لەگەڵ جۆن دێڤیس، باڵیۆزی باشووری ئافریقیا لە شانشینی ئوردن و شاندێکی یاوەری کۆ بووەتەوە.
جۆن دێڤیس، کە نیڵسۆن ماندێللای خەباتگێڕ دژی رەگەزپەرستی و پشتگیریکاری مافی گەلان خەڵکی وڵاتەکەیەتی و ماوەیەک سەرۆک کۆماری بووە، وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەولێر، رایگەیاندووە، کە وڵاتەکەی ئاگاداری قارەمانێتیی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانە لە شەڕی دژی تیرۆر و دژی دیکتاتۆرییەت، کە ”بووەتە سیمبولی بەرگریکردن لە مرۆڤایەتی“.
جۆن دێڤیس ئاماژەی بەوەش کردووە، کە لە یەکەم سەردانیدا بۆ کوردستان، بۆی روون بووەتەوە ئاسایش و پێشکەوتن لە هەرێمی کوردستان هەیە و ستایشی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە، کە سەرەڕای قەیرانی دارایی و شەڕی دژی رێکخراوی توندڕەوی داعش، ”ئەو ھەموو پێشکەوتنانە بەدەست بھێنن“، کە ”خواستی خەڵکی کوردستانە بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان و تەبایی“.
باڵیۆزی باشووری ئەفریقیا لە ئوردن بەڵێنی هاندانی سەرمایەدار و بازرگانانی وڵاتەکەی داوە بۆ وەبەرهێنان لە کوردستان و رایگەیاندووە، کە هەرچەندە وڵاتەکەی پەیوەندیی دیپلۆماسی لەگەڵ عێراق نییە، بەڵام هەوڵ دەدات پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت.
هەروەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، نێچیرڤان بارزانی هیوای حکوومەتەکەی بە دروستکردنی ”باشترین پەیوەندی“ لەگەڵ باشووری ئەفریقیا و هاتنی وەبەرهێنەرانی ئەو وڵاتە بۆ کوردستان نیشان داوە رایگەیاندووە، هەولێر ئامادەیە بۆ هەموو هاوکارییەک لەم بوارەدا.
باسنيوز
