بزووتنەوەی گۆڕان ھۆشداری دەداتە یەکێتی
دەستەی ناڕەزایی لەناو گۆڕان داوایان لە جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان کردووە، ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ یەکێتی یەکلا بکەنەوە. لەمبارەیەوە عەدنان عوسمان، ھەڵسووڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان گوتی: "ماوەی ساڵێکە رێککەوتنی گۆڕان و یەکێتی ھەبووە و پێش ئەو رێککەوتنە گۆڕان بەرنامە و سیاسەتی خۆی ھەبوو، ھەنگاوی خۆی ھەبووە، بۆیە ئەگەر ئەو ڕێککەوتنەی لە گۆڕێ دایە، دەبێ جێبەجێ بکرێت و ئەگەر نەشبێت گۆڕان دەبێ لە سیاسەتەکان بەردەوام بێت".
ئەو ھەڵسووڕاوەی بزووتنەوەی گۆڕان گوتیشی: "ئەگەر ئەو رێککەوتنە جێبەجێ نەکرێت، گۆڕان دەستی کراوە دەبێت بۆ ئەوەی بەرنامەکانی خۆی بکات و سەربەخۆ کاری خۆی بکات بۆیە داوامان کردووە ئەم رێککەوتنە یەکلا بکرێتەوە چونکە بۆ ئەوەی کراوە جێبەجێ بکرێت ئەگەر نەکرێت حیکمەتی چییە".
ھاوکات سیروان رەشید، راگەیاندکاری بزووتنەوەی گۆڕان لە نووسینێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) نووسیویەتی: "کۆبوونەوەی دوێنێی گۆران و یەکێتی زۆر باش بوو! لەبەر ئەوەی گۆڕان بەرچاوی روون بووەوە کە یەکێتی ئامادە نییە تەنانەت یەک خاڵی ڕێککەوتنەکەی لەگەڵی جێبەجێ بکات لەبەر دوو ھۆ: یەک: بە پاساوی مەترسی و زەختی پارتی لەسەریان، دوو: بە پاساوی کێشەی ناوخۆیی ناو باڵەکانی یەکێتی".
دەشڵێت: "لێرە بەدواوە گۆڕان دەس کراوەتر دەبێ لە پەنابردن بۆ ھەر بژاردەیەک!".
باسنیوز
