سلێمانی.. ئاماری رووداو و تاوانەکانی دوو ھەفتەی رابردوو خرایەڕوو

 سلێمانی.. ئاماری رووداو و تاوانەکانی دوو ھەفتەی رابردوو خرایەڕوو
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، لە راگەیەندراوێکدا ئاماری دوو ھەفتەی تاوانەکانی ئەو شارەی بڵاو کردەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 9/5/2017 بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی، لە راگەیەندراوێکدا، ئاماری رووداو و تاوانەکانی دوو ھەفتەی خستەڕوو، لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە: "دزینی پاتری ئۆتومبێلی گەورە، کە دوای بە دواداچوون، توانرا باندێکی سێ کەسی دەستگیر بکرێن کە ھەستاون بە دزی 40 پاتری، ھەر لەو ماوەیەشدا توانرا سێ کەس دەستگیر بکرێن، کە ئۆتۆمبێلیان دزی بوو".

پۆلیسی سلێمانی، ئەوەشی خستوەتەڕوو: "ھێزەکانی پۆلیسی سلێمانی پێنج تۆمەتباری تر دەستگیر کردووە کە سێیان لەو تۆمەتبارانە کەلوپەلی ماڵانیان دزیوە، دووانەکەی تریش ماتۆڕسکیل و مۆبایلیان دزیوە".

ھەروەھا بەپێی راگەیەندراوەکە لەو ماوەیەدا 332 حاڵەتی بە ھانەوەچوونی ھاووڵاتیان تۆمار کراوە، ھەروا 16 حاڵەتی دەستبەسەرداگرتنی چەکیش لە جۆری دەمانچە و پێنج حاڵەتیش لە جۆری کڵاشینکۆف و دەستبەسەراگرتنی 2 چەک لەجۆری (M4) و (M16) تۆمار کراون.

راگەیەندراوەکە ئەوەشی روون کردوەتەوە: "سەرجەم تۆمەتباران ڕووبەڕووی دادگا کراونەتەوە بەبڕیاری دادوەر کاری یاساییان بەرامبەر کراوە".








باسنیوز
Top