ئیتاڵیا به‌ڵێنى به‌رده‌واميى هاوكارییه‌كانى بۆ پێشمه‌رگه ده‌دات
پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 8-5-2017 نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له خاتوو سیرینا مورۆنی كونسوڵی نوێی ئیتاڵیا له هه‌رێمی كوردستان و شاندێكی یاوه‌ری كرد.
به‌پێی ڕاگه‌یاندراوێك، له دیدارێكدا خاتوو مورۆنی خۆشحاڵیی خۆی به دیداری له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیران ده‌ربڕی و سوپاسی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كرد بۆ پشتگیری و پاڵپشتیكردن له كاره‌كانی كه له كاتی ده‌ستبه‌كاربوونییه‌وه تا ئێستا هاوكاری و ئاسانكاریی ته‌واویان پێشكه‌ش كردووه، هه‌روه‌ها به‌رده‌وامیی كاره‌كانی كونسوڵی پێشووی ئیتاڵیای له هه‌ولێر دووپات كرده‌وه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه ئیتاڵیا خوازیاری ئه‌وه‌یه باشترین په‌یوه‌ندی له بواره جیاجیاكاندا له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستانی هه‌بێت و به‌رده‌وامیی هاوكارییه سه‌ربازی و مرۆییه‌كانی ئیتاڵیاشی بۆ هه‌رێمی كوردستان دووپات كرده‌وه.
لای خۆیه‌وه سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان پیرۆزبایی ده‌ستبه‌كاربوونی له خاتوو مورۆنی وه‌ك كونسوڵی نوێی ئیتاڵیا له هه‌رێمی كوردستان كرد و هیوای سه‌ركه‌وتنی له كاره‌كانی بۆ خواست و پاڵپشتیی داموده‌زگاكانی حكوومه‌تی هه‌رێمیشی بۆ كار و چالاكییه‌كانی نیشان دا.
باسی له‌وه‌ش كرد كه له هه‌رێمی كوردستان ده‌رفه‌تی باشی وه‌به‌رهێنان هه‌یه و هیوای خواست هه‌وڵ بدرێت سه‌رمایه‌دارانی ئیتاڵی هان بدرێن بێن له هه‌رێمی كوردستان له بواره جیاوازه‌كاندا وه‌به‌رهێنان بكه‌ن.
له ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا باسی بارودۆخی گشتی ناوچه‌كه و شه‌ڕی ئازادكرنه‌وه‌ی مووسڵ له تیرۆرستانی داعش كرا. هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌وه كرده‌وه كه په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌ولێر و ڕۆما له ئاستێكی به‌رزدایه و هیوایان خواست كه زیاتر په‌ره‌ی پێ بدرێت.
bas news-
