پارێزگاری کەرکووک زانیاریی نوێی لەبارەی تیرۆرکردنی کادیرە پێشکەوتووەکەی پارتی ڕاگەیاند
نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووک، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئەوەی ئاشکرا کرد کە دوای تیرۆرکردنی محەمەد یونس، لە نزیک بازگەی (یەکی حوزەیران)ی کەرکووک، لێکۆڵینەوەیان لە ڕووداوەکە بەردەوامە.
ئەوەشی ئاشکرا کرد، ئەو ئۆتۆمبێلەی تاوانەکەی پێ ئەنجام دراوە، دەستنیشان کراوە و تەنانەت "کەسێکیش دیاری کراوە کە گومان دەکرێت تەقەی لێ کردبێت".
پارێزگاری کەرکووک، گوتیشی: "جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای غازی باکوور، کەسێکی باش و پیشەیی بووە و ھاوکاریی پێشمەرگەی کردووە و لە ڕێگەی کۆمپانیاکەوە ئاسانکاری بۆ کردووە، ناتوانم بڵێم ھۆکاری سیاسی لە پشت ھێرشەکەیە، چونکە لەوانەیە بۆ دروستکردنی ئاژاوە بووبێت یان لەبەر ئەوە بووبێت کە ھاوکاریی پێشمەرگەی کردووە، بەڵام ھێشتا بە دڵنیاییەوە نازاندرێت".
نەجمەدین کەریم، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە پێشمەرگە بووەتە قەڵغان بۆ کەرکووک و خزمەتێکی زۆری بە ھەموو جیھان کردووە.
باسنيوز
