کۆمەڵە: قسەکانی سەرکردەکەی پەکەکە دەچنە خانە دوژمنایەتیی کوردەوە
ئەنوەر محەمەدی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و گوتەبێژی ئەو حزبە رایگەیاند: هەر لیدوان و هەڕەشەیەک بۆ تێکدانی باشووری کوردستان و دژایەتیی حزبێکی سیاسی بە تێکدانی کوردستانی دەزانین و ڕەتی دەکەینەوە، لە کاتێکدا دەبێ هەموو پارت و لایەنی بەشەکانی دیکەی کوردستان پاڵپشت بن بۆ باشووری کوردستان و نابێت دەستێوەردان بکەن".
گوتەبیژی کۆمەڵە ئاماژەی بەوەش کرد "هەر لایەنێک لە خاکی کوردستانەوە هێرش بکاتە سەر دەوڵەتێکی دیکە، ئەوە گرفت بۆ هەرێمی کوردستان دروست دەکات کە گرفتی دروست کرد، ژیانی خەڵک دەکەوێتە مەترسییەوە، بۆیە پێمان وایە هەموو لایەنەکانی پارچەکانی دیکە بە خۆشمانەوە دەبێ وەک چۆن تا ئێستا پاراستوومانیانە، ئێمەش ئەوان بیپارێزن".
لە درێژەدا گوتیشی: "ئەو جۆرە لێدوانانەی وەک رەزا ئاڵتوون نەک خزمەت بە باشووری کوردستان ناکەن، بەڵکوو خزمەت بە باکووری کوردستان و پەکەکە و لایەنە کوردییەکانیش ناگەیەنێت، بۆیە ئەوانە ناچنە خانەی خزمەت و دەچنە خانەی دوژمنایەتییەوە".
باسنیوز
