سەرکردەیەکی پێشووی یەکگرتوو بۆ پەکەکە: ڕوودانی شەڕ بە زیانی ھەموو خەڵکی کوردستانە
دوای ئەوەی ڕەزا ئاڵتوون، ئەندامی سەرکردایەتیی (کەجەکە) ھەڕەشەی لە تورکیا کرد کەلە باشووری کوردستانەوە لە ئامانجەکانیان دەدەن و پارتی دیموکراتی کوردستانیش دەکەنە ئامانج، د. محەمەد رەوف، سیاسەتمەدار و سکرتێری پیشووی گشتیی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان گوتی: "ئەگەر ھەر شەڕێک لە کوردستان ڕوو بدات، چ ناوخۆیی یان ھەرێمی، بە زەرەری ھەموو خەڵکی کوردستانە".
ئەو سیاسەتمەدارەی کورد ئاماژەی بەوەش کرد "بۆ ھیچ کەسێک نییە خاکی باشووری کوردستان بکاتە ھەڕەشە بۆ لایەنێکی دیکە، بۆیە ھەر کەسێک دەستپێشخەری بکات، ھەموومان تێیدا زەرەرمەند دەبین، پێویستە پەکەکە و ھێزەکانی دیکە کەلە باشووری کوردستانن و سوودیان لەم خاکە وەرگرتووە، نابێ چاوەڕوانی ئەوە بکات ئێمە بڕۆین و دەست بخەینە کاروباری رۆژھەڵات، یان باکوور یان ڕۆژئاوا بۆیە بۆ ئەوانیش نییە بێن چالاکیی سەربازی، یان سیاسی بکەن، چونکە لە بەرژەوەندیی ئەوان و ئێمەشدا نییە".
لە درێژەدا گوتیشی: "ئەوەی لە سووریا بەکار ھێنرا، دەرەنجامی نەبوو و سووریا وێران بوو، گەلەکەشی تێدا چوو، بۆیە ئەوەی بەکار بھێنرێت لە کوردستان، یان لەھەر وڵاتێکی دیکە یان لەدژی دەوڵەتێکی دیکە خۆی زیان دەکات و تورکیا دەوڵەتێک نییە ئێستا بە جەنگی چەکداری ڕووبەڕووی ببیتەوە. شتەکان ئاوا ناڕۆنە پێش، خەڵک وای دەزانی لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا و ئێران و تورکیا دەبێتە شەڕیان، کەچی ئەوا لە دانیشتنی "ئاستانە" رێککەوتوون، بۆیە نابێ لەمە زیاتر خۆمان بخەڵەتێنین و ئەم وڵاتە تازە خەریکە خاوەنی بۆ پەیدا دەبێت و پشتی دۆسیەکەی دەگیرێت، بۆیە ھەر شەڕێک لەناو خاکی کوردستان ھەر لایەنێک بیکات، بە زیانە".
باسنیوز
