نەجمەدین کەریم: مانەوەی داعش لە حەویجە مایەی مەترسییە بۆ کەرکووک
رۆژی دووشەممە 8.5.2017، نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووک لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ بەڕێوەبەری فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانی پارێزگاکە، رایگەیاندووە، هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بە تێکشکاندنی پەلامارەکەی چەکدارانی داعش، ”جارێکی دیکە سەلماندییان کە پارێزەری شارەکە و هاووڵاتییانین.
نەجمەدین کەریم باسی لە پێویستیی رزگارکردنەوەی شارۆچکەی حەویجە و ناوچەکانی دەوروبەری لە باشووری رۆژئاوای کەرکووک کردووە و رایگەیاندووە، مانەوەی چەکدارانی داعش لە باشوور و رۆئاوای کەرکووک، ”مایەی مەترسییە بۆ سەر کەرکووک“.
رۆژی یەکشەممە 7.5.2017، پێنج خۆکوژی داعش هێرشیان کردە سەر سەربازگەی کەیوان لە باشووری کەرکووک و لەلایەن پێشمەرگەوە هێرشەکە تێک شکێندرا.
لە شەڕێکدا، دوو پێشمەرگە شەهیدبوون و دووی دیکەش بریندار بوون، هەروەها دوو چەکداری داعش کوژران و سێی دیکەش خۆیان تەقاندەوە.
حکوومەتی عێراق هیچ هەوڵێکی نەداوە بۆ رزگارکردنەوەی شارۆچکەی حەویجە و بە بیانووی جیاجیا ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەکە دوادەخات، کە شارۆچکەکە نزیکەی سێ ساڵە لەلایەن داعشەوە داگیر کراوە.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی و دوای هەرەس پێهێنانی سوپای عێراق، چەکدارانی داعش شاری شنگال و زۆربەی ناوچەکانی سنووری شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنباریان داگیر کرد.
باسنيوز
