عوسمان ئۆجەلان: لە هەر شوێنێک بۆی بگونجێت پەکەکە مەیدانی جەنگ دەخولقێنێت، و چونكە پەکەکە لە باکووری کوردستان تووشی شکستی گەورە بووە"
عوسمان ئۆجەلان، برای عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) گوتی: "پارتی کرێکارانی کوردستان، لە باکووری کوردستان تووشی شکستی گەورە ھاتووە و توانای ھەڵسانەوەی نەماوە، ئێستاش فەلسەفەیەکیان ھەیە لە ھەر شوینێک بۆیان بکرێت دەیکەنە مەیدانی جەنگ، بۆیە دەیانەوێت شەڕی خۆیان لە باکووری کوردستان بگوازنەوە بۆ باشووری کوردستان و مەترسی دەکرێت باشووری کوردستان تووشی شەڕێکی یەکجار قورس بکەن لەگەڵ تورکیا، تۆ لە باشوورەوە مووشەک بگریتە تورکیا و ھێرش بکەیتە سەر دامەزراوەکانی تورکیا و لێرەوە و ھەڕەشە لەسەر وڵاتانی دراوسێت بکەیت، بێگومان ئەوانیش دەستەوەستان ناوەستن و دەتکەنە ئامانج، بۆیە دەیانەوێت خەباتی چەکداریان لە باکووری کوردستانەوە بگوازنەوە بۆ باشووری کوردستان و ڕەنگە شارەکانیش بکەنە ئامانج".
عوسمان ئۆجەلان لە درێژەدا گوتیشی: "پەکەکە دەستی لە باکووری کوردستان بڕیوە، خەڵک لە دەنگدان بۆ دەستووری تورکیا تۆڵەی لە پەکەکە کردەوە و لە ھەڵبژاردنەکاندا دەرکەوت پەکەکە لە باکووری کوردستان لە چ ئاستێک دایە، بۆیە دەبێ بەدیلی پەکەکە لە باکووری کوردستان بدۆزرێتەوە، چونکە دۆزی کوردی گەیاندە خراپترین ئاست، لە باشووری کوردستانیش پەکەکە دەیەوێت شەڕێک ھەڵگیرسێنێت جا لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان بێت یان لەگەڵ لایەنێکی دیکە".
ئەوەشی خستەڕوو، چوار سەرکردەی ئەنقەرەیی لەناو پەکەکە ھەن کە ھەڵقوڵاوی بیری چەپ و مەزھەبین و ئەوانیش (جەمیل بایک، دۆران کاڵکان، مستەفا کاراسۆ و ڕەزا ئاڵتون)کە ڕەزا ئاڵتوون پیاوێکی فێڵباز و کەسێکی نەخوێندەوارە، لە شەقام و کۆڵانەکان فێری نووسین و قسەکردن بووە، تا بڵێت کابرایەکی چەپ و مەزھەبییە، شتێک باوەڕی پێی نەبێت پرسی کورد و دەوڵەت و پرسی نەتەوەییە، پیلانی ھەرە گەورەی بۆ شەڕەکەی باشووری کوردستان ئەو رایگەیاندووە، ڕەنگە باشووری کوردستان بکەنە ئاگر و دەبێت حزبەکان لەوە ئاگادار بن، چونکە ئەوەی ڕەزا ئاڵتوون باسی کردووە کەم نییە، دەبێ پارتیش ئاگاداری خۆی بێت، ئەمە نەخشەڕێگای سەربازییە و رەنگە سەرەتاکەی شنگال بێت و کۆتاییەکەشی کەس نەزانێت چۆنە، ئەم گرووپە کار دەکەن بۆ توانەوەی بیری نەتەوەی لەناو پەکەکەدا."
باسنيوز
