عەلی عەونی: ڕەزا ئاڵتوون بە شێوەیەکی جددی ھەڕەشە لە ھەرێمی کوردستان دەکات و وا دەزانێت خۆی مالکی باشووری کوردستانە

عەلی عەونی: ڕەزا ئاڵتوون بە شێوەیەکی جددی ھەڕەشە لە ھەرێمی کوردستان دەکات  و وا دەزانێت خۆی مالکی باشووری کوردستانە
ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاماژە بەوە دەکات قسەکانی ڕەزا ئاڵتوون، سەرکردەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە(، ھەڕەشەی جدین لەسەر ھەرێمی کوردستان و دەبێت بە کەم سەیری قسەکانی نەکرێت.



عەلی عەونی، لە لێدوانێکدا گوتی: "ڕەزا ئاڵتوون بە شێوەیەکی جددی ھەڕەشە لە ھەرێمی کوردستان دەکات و دەیەوێت مەیدانی جەنگ لە باکووری کوردستانەوە بگوازرێتەوە بۆ باشووری کوردستان، ئاخر رەزا ئاڵتوون بەبێ ھیچ حسابێک بۆ دامەزراوە شەرعییەکانی ھەرێمی کوردستان، وا دەزانێت خۆی مالکی باشووری کوردستانە و دەڵێت لە باشووری کوردستانەوە زەنگی لەناوبردنی تورکیا لێ دەدەین".



ئەو سەرکردەیەی پارتی گوتیشی "لە ھەمانکاتدا لە ڕوانگەی داگیرکەرانی کوردستانەوە ھەڕەشە لە پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات و پارتیش دەکەنە ئامانج، پەکەکە خراپ سەری لێ شێواوە، سەدان شار و گوندی لە باکووری کوردستان کردە قوربانیی کۆمەڵێک کۆلکە سەرکردەی پەکەکە و دەیەوێت باشووری کوردستانیش بەو دەردە ببات، بەڵام ئەمە خەونە و دەبێت کەسانی وەک ڕەزا ئاڵتوون و ھاوشێوەکانی خەوی پێوە ببینن".



گوتیشی: "بەداخەوە ھێزە سیاسییەکان بەرانبەر بە قسەکانی رەزا ئاڵتون بێ دەنگییان ھەڵبژاردووە لە کاتێکدا شەڕ لە باشووری کوردستان ھەڵگیرسێت ھەموو ماڵێک دەگرێتەوە و شەڕکردن لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان زۆر شت دەگەیەنێت لەم کاتەی ئێستا و رەزا ئاڵتوون پەنا دەباتە بەر جەنگ کە پارتی دیموکراتی کوردستان خۆی کردووە بە سەرقافڵەی پرسی سەربەخۆیی و ڕیفراندۆم و دیاریکردنی چارەنووسی گەل کوردستان".



پێشتر ڕەزا ئاڵتون لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ میدیاکانی سەر بە پەکەکە ڕای گەیاندبوو کە لەمەودوا شەڕ دژی تورکیا بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان دەگوازنەوە و لە هەرێمی کوردستانەوە زیان بە تورکیا دەگەیەنن.







باسنيوز
Top