هۆشیار زێباری: لە پاییزی ئەمساڵدا ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەکرێت

 هۆشیار زێباری: لە پاییزی ئەمساڵدا ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەکرێت
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتیی کوردستان ئاشکرای کرد، لە پاییزی ئەمساڵدا ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەکرێت.



لە میانی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی (زە تایمز)ی بەریتانی، هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی ڕای گەیاندووە، هیچ هیوایەکیان بە عێراقی نوێ نەماوە و بەو هۆیەوە لە پاییزی ئەمساڵدا ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەکرێت کە ئەنجامدانی ریفراندۆم هاوکات دەبێت لەگەڵ کۆتاییهاتنی پرۆسەی کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری مووسڵ.



ئەوەشی ڕوون کردەوە کە ئەمجارە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەکیدا ویستی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بە جددی وەرگیراوە و داوایان لە وڵاتان و ”هەموو لایەک“ کردووە کە ”ئەگەر پشتیوانیمان ناکەن، دژایەتیشمان نەکەن“.



زێباری ئەوەی دووپات کردووەتەوە کە ڕاستەوخۆ دوای ڕیفراندۆم، سەربەخۆیی کوردستان ڕاناگەیەندرێت، بەڵکوو بە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا و لەسەر پەیوەندیی داهاتووی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان، گفتوگۆ دەکرێت، بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک.



لەلایەن خۆیەوە هێمن هەورامی، یاریدەدەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاندووە، ئەم ڕیفراندۆمە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە کە ئێستا لەژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە دان.



ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە کاتێک سەرۆک بارزانی لەگەڵ مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە شاری میونخ دیداریان هەبوو، هەروەها لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا، گفتوگۆ لەبارەی ڕیفراندۆم کراوە.





باسنیوز
Top