زێباری وەڵامی ڕاپۆرتێكی رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەداتەوە

زێباری وەڵامی ڕاپۆرتێكی رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەداتەوە

دوای ئەوەی رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ (هیومان رایتس وۆچ) لە راپۆرتێكدا لەبارەی خۆپێشاندانی رۆژی 4/3/2017ی هەولێر، رایگەیاندوو کە هێزە ئەمنیەکان 32 خۆپێشاندەریان دەستگیر کردووە، لەمبارەیەوە د. دیندار زێباری سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ڕوونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە.


د. دیندار زێباری رایگەیاند هەر تاکێکی هەرێمی کوردستان ئازادە لە ئەنجامدانی کاری میدیایی و دەربڕینی بیروڕای خۆی بە ئازادی لە چوارچێوەی ئەو یاسا و رێنماییانەی کە تایبەت بەم بوارە لە هەرێمی کوردستان کاریان پێدەکرێت، لە هەرێمی کوردستان خۆپێشاندان و گردبوونەوەی هاووڵاتیان بە یاسا رێک خراوە و خۆپێشاندان مافێکی دەستوورییە، بەپێی یاسا پیادە دەکرێ بۆ هەر تاکێکی کۆمەڵگا و لە میانەیدا جەماوەر گوزارشت دەکات لە رای خۆی و پێشاندانی خواستە رەواکانی خۆی بە شێوەیەکی ئاشتیانە و مەدەنیانە و پاراستنی بەرژەوەندییە گشتی و تایبەتییەکان و رەچاوکردنی پرەنسیپ و رێساکانی تایبەت بە ماف و ئازادییەکان دوور لە ئاژاوەگێڕی و تێکدان.


زێباری لە بارەی خۆپیشاندانەکانی كوردستانەوە گوتی زۆر جارە لە خۆپێشاندان مافی دامودەزگا و کارمەندانی حکومەت پێشێل کراوە، لەمبارەیەوە دەستگیرکردنی هەر هاووڵاتییەک دوای دەرچوونی فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە دەبێ، بە هەمان شێوە بە بڕیاری داوەر دەستگیرکراوان ئازاد دەکرێن، هەر بۆیەش ئەو کەسانەی لە خۆپێشاندانی ٤/٣/٢٠١٧ی هەولێر دەستگیر کرابوون، بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی هەولێر دەستگیر کراون و بە بڕیاری ئەویش ئازاد کران، لە کاتی دەستگیرکردنیشیاندا هیچ یەکێک لە دەستگیرکراوان رووبەڕووی ئەشکەنجەدان نەبوونەتەوە و زۆریشیان لێ نەکراوە بۆ وەرگرتنی وتەکانیان.


سەبارەت بەوەی دەزگا ئەمنییەکان داوایان لە چەند خۆپێشاندەرێک کردووە کە دەبێ شاری هەولێر جێبهێڵن، زێباری گوتی هاووڵاتیانی هەرێم ئازادن لە هەر شوێنێک دەژین، هیچ بڕیارێکی دادگا دەرنەچووە سەبارەت بە دەرکردنی ئەو کەسانەی لە خۆپێشاندانەکان بەشدار بوون بۆ ئەوەی شاری هەولێر جێبهێڵن، هەروەها لایەنە ئەمنییەکان ئەم داوایەیان لە هیچ یەکێک لە دەستگیرکراون نەکردووە کە نابێ ئیتر لە شاری هەولێر بمێننەوە، لەلایەکی دیکەوە هیچ رێکخراوێک دەزگا ئەمنییەکانی ئاگادار نەکردووەتەوە کە رێگریان لێ کراوە بۆ هاتنە نێو شاری هەولێر.


لەبارەی هۆکاری دەستگیرکردنی چەند خۆپێشاندەرێكی هەولێریشەوە گوتی "لەم خۆپێشاندانەی هەولێردا لە ٤/٣/٢٠١٧ی ئەو کەسانەی بە خۆپيشاندانەکە هەستاون نە داوای مۆڵەتیان کردووە بۆ خۆپشاندان و نە هەوڵیشیان داوە بۆ وەرگرتنی مۆڵەت، لە کاتێکدا بەپێی ياسای ناوخۆ، پێویستە داوا پێشکەش بكرێت بۆ ئەنجامدانی خۆپێشاندان، ئەمەش هۆکاری دەستگیرکردنی خۆپێشاندەرەکانە کە بەپێی بڕیاری بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی هەولێر بوو بە پێی مادەی (١٠) لە یاسای رێکخستنی خۆپێشاندان".
bas news-
Top