وەزارەتی خوێندنی باڵا ١٠٠ ملیۆن دینار بۆ بۆردی توێژینەوەی زانستی تەرخان کرد

وەزارەتی خوێندنی باڵا ١٠٠ ملیۆن دینار بۆ بۆردی توێژینەوەی زانستی تەرخان کرد


وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دامەزراندن و دەستبەکاربوونی بۆردی توێژینەوەی زانستی ڕادەگەیەنێت، وەک بڕی ١٠٠ ملیۆن دیناریش بۆ بۆردەکە تەرخان دەکات.



عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رای گەیاند: "لەپێناو داڕشتنی چوارچێوەی سیاسەت و ستراتیژی گشتیی توێژینەوەی زانستی، ھاندان، گەشەپێدان و کاراکردنی چالاکی توێژینەوە لە بوار و پسپۆڕی جیاجیا، لەبەر ڕۆشنایی پێداویستیە زانستی و تەکنەلۆژی، ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ھەرێمی کوردستان، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دامەزراندن و دەستبەکاربونی بۆردی توێژینەوەی زانستی ڕادەگەیەنێت".



گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا، ئەوەشی خستەڕوو: "ئەم بۆردە کار بۆ ئاراستەکردن و پشتیوانیکردنی چالاکی توێژینەوەی زانستی لە ڕێگەی دەستەبەرکردنی گرەنتی ساڵانە دەکات، ھەوڵی دۆزینەوەی پارتنەری نێودەوڵەتی بۆ پڕۆژەکانی توێژینەوە و بەخشیننی بەو پڕۆپۆزەڵانەی کە ئاستی زانستییان بەرزەو لە ئەولەویەتی بەرژەوەندی نیشتمانیی ھەرێمی کوردستان دەکات".



ئاشکراشی کرد: "بۆ بەڕێوەبردنی کارەکانی بۆردەکە وەزارەتەکەمان بڕی ١٠٠ ملیۆن دینار وەک گرەنتی یەکەم پێشکەش بەبۆردی توێژینەوەی زانستی کرد، تا لە ڕێگەی پێشبڕکێ بدرێتە بەپرۆپۆزەڵی ئەو توێژینەوانەی کە دەچنە خزمەتی چارەسەرکردنی بابەتەکانی تایبەت بەھەرێمی کوردستان".



عەباس ئەکرەم، ئەوەشی روون کردەوە: "لەئێستا وەزارەتەکەمان سەرقاڵی ڕێکخستنی گرێبەستێکە لەگەڵ یەکێک لە بەناوبانگترین دامەزراوەکانی بڵاوکردنەوەی توێژینەوەی زانستی بۆ ئەوەی بتوانین دەرفەتی گەیشتن بەسەرچاوە، گۆڤار و بڵاوکراوە زانستییە نێودەوڵەتییەکان بۆ توێژەرانی زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان بڕخسێنین".

bas news-
Top