لە دهۆك كێشەی هەزاران خانووی زێدەڕۆ چارە دەكرێت

لە دهۆك كێشەی هەزاران خانووی زێدەڕۆ چارە دەكرێت
لە نێو سەنتەری شاری دهۆك، بڕیار درا بە تاپۆكردنی چوار هەزار خانوو، سەرۆكی لیژنەی خزمەتگوزارییەكانی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆكیش دەڵێ، بەپێی بڕیارەكەی ئەنجوومەنی وەزیران، هەموو خانووەكانی نێو ماستەرپلانی شارەكان تاپۆ دەكرێن.

(كەریم چەمانكی)، سەرۆكی لیژنەی خزمەتگوزارییەكان لە ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "لە ساڵی 2002ـدا پەرلەمانی كوردستان بڕیاری ژمارە پێنجی بۆ تاپۆكردنی حەوت هەزار خانووی بێتاپۆ لە سەنتەری شاری دهۆك دەركرد و دواتر چەند رێوشوێنێك بۆ تاپۆكردنیان گیرایە بەر، بەڵام بە هۆكاری جیاواز ئەو كات نەتوانرا خانووە بێتاپۆكانی دهۆك تۆمار بكرێن و تەنیا لە ماوەكانی رابردوودا سێ هەزار خانوو لەو ژمارەیە تاپۆ كران، بڕیارە تا دوای جەژنی رەمەزان چوار هەزار خانووی دیكەی كە پێشتر بە زێدەڕۆ دروست كرابوون، تاپۆ بكرێن و كارەكانیان لە قۆناغی كۆتاییدایە".

ئەو بەرپرسەی پارێزگای دهۆك ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد، "ئەو حەوت هەزار خانووە بەر لە ساڵی 2000 دروست كراون و بە هۆی بارۆدخی ئەوكاتی هەرێمی كوردستان هاووڵاتیان ناچار بوونە بە بێ تاپۆكردن خانووەكانیان ئاوەدان بكەنەوە، بەڵام ئەوانەی دوای ئەو بەروارە دروست كراون، بڕیاری پەرلەمانی كوردستان نایانگرێتەوە، چونكە ئەوانەی پێشتر لەگەڵ ماستەرپلان گونجێندراون و كێشەی كەمتریان هەیە".

(چەمانكی) گوتیشی، "لە كۆبوونەوەی رابردووی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستاندا، بڕیاری تاپۆكردنی خانووەكانی نێو ماستەرپلانی شارەكان دراوە و ئێستا لە دهۆك ئەنجوومەنی پارێزگا و ئیدارەكەی شارەكە سەرقاڵی دانانی پلانێكن بۆ ئەوەی هەرچی خانوو و موڵكی نێو ماستەرپلان هەیە، بەپێی یاسا و رێنماییەكان دەست بە پڕۆسەی تاپۆكردنیان بكرێت، بەڵام هێشتا لە قۆناغی سەرەتاییداین و پڕۆسەكە دەستی پێ نەكردووە".
kdp-
Top