دیندار زێباری: لە هەرێمی کوردستاندا خۆپێشاندان و گردبوونەوەی هاووڵاتیان بە یاسا ڕێکخراوە
ڕۆژی 16/3/2017 ڕێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ (هیومان ڕایتس وۆچ) بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە، سەبارەت بەو خۆپێشاندانەی کە ڕۆژی 4/3/2017 لە شاری هەولێر ڕێکخرابوو و باس لەوە دەکات، کە هێزە ئەمنییەکان (٣٢) خۆپێشاندەریان دەستگیر کرد و ژمارەیەکی زۆر لە دەستگیركراوەكان لە ماوەی چوار ڕۆژدا ئازاد کران، تەنیا شەش دەستگیركراو نەبێت، كە هەموویان بیانی بوون. هەروەها باس لەوە دەکات، کە بەشێک لە خۆپێشاندەران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی و لێدان بوونەتەوە.
لەم بارەوە (د. دیندار زێباری)، سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند: هەر تاکێکی هەرێمی کوردستان ئازادە لە ئەنجامدانی کاری میدیایی و دەربڕینی بیروڕای خۆی بە ئازادی لە چوارچێوەی ئەو یاسا و ڕێنماییانەی کە تایبەت بەم بوارە لە هەرێمی کوردستاندا کاریان پێ دەکرێت، لە هەرێمی کوردستان خۆپێشاندان و گردبوونەوەی هاووڵاتیان بە یاسا ڕێکخراوە، بەپێی بڕیاری ژمارە (١٧)ی ساڵێ 2010، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی 8ی کانوونی یەکەمی 2010دا یاسای ژمارە (11)ی ساڵی ٢٠١٠ی پەسەند کردووە، کە بە (یاسای ڕێکخستنی خۆپێشاندان لە هەرێمی کوردستان- عێراق) ناسراوە. بە پێی ئەم یاسایە خۆپێشاندان مافێکی دەستوورییە و بە پێی یاسا پیادە دەکرێ بۆ هەر تاکێکی کۆمەڵگا و بە پشتیوانیی ئەو یاسایە جەماوەر گوزارشت لە ڕای خۆی دەکات بۆ پێشاندانی خواستە ڕەواکانی خۆی بە شێوەیەکی ئاشتیانە و مەدەنیانە و پاراستنی بەرژەوەندییە گشتی و تایبەتییەکان و ڕەچاوکردنی پرەنسیپ و ڕێساکانی تایبەت بە ماف و ئازادییەکان دوور لە ئاژاوەگێڕی و تێکدان.
زێباری هەر لە بارەی خۆپێشاندانەکانەوە گوتی: بە سوودوەرگرتن لە یاسای خۆپێشاندان و ئەو ئازادییەی بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان لەم یاسایەدا دیاری کراوە، تەنیا لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا دەیان خۆپێشاندانی جیاجیا لە شاری هەولێر ئەنجام دراوە، لەلایەن قوتابیان و ماموستایان و ڕۆژنامەنووسان و بەڵێندەران و چین و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگاوە، کە داوای مافی ڕەوای خۆیان کردووە و لە هیچ یەکێک لە خۆپێشاندانەکاندا توندوتیژی نەکەوتووەتەوە و دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەت ئەرکی پاراستنی خۆپێشاندانەکانیان بە ئەستۆ گرتووە، تەنانەت مافی دامودەزگا و کارمەندانی حکوومەت پێشێل کراوە، سەبارەت بە دەستگیرکردنی هەر هاووڵاتییەک گوتی: دوای دەرچوونی فەرمان لە لایەن بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەوە، هاووڵاتی دەستگیر دەکرێت و بە هەمان شێوە بە بڕیاری داوەر دەستگیرکراوان ئازاد دەکرێن، هەر بۆیەش ئەو کەسانەی لە خۆپێشاندانی ٤/٣/٢٠١٧ی هەولێردا دەستگیر کرابوون، بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی هەولێر دەستگیر کران و بە بڕیاری ئەویش ئازاد کران و لە کاتی دەستگیرکردنیشیاندا هیچ یەکێک لە دەستگیرکراوان ڕووبەڕووی ئەشکەنجەدان نەبوونەتەوە و بۆ وەرگرتنی وتەکانیانشیان زۆریان لێ نەکراوە،.
سەبارەت بەوەی دەزگا ئەمنییەکان داوایان لە چەند خۆپیشاندەرێک کردووە کە دەبێ شاری هەولێر جێ بهێڵن، زێباری گوتی: هاووڵاتیانی هەرێم ئازادن لە هەر شوێنێک دەژین، هیچ بڕیارێکی دادگا دەرنەچووە سەبارەت بە دەرکردنی ئەو کەسانەی لە خۆپێشاندانەکاندا بەشدار بوون، بۆ ئەوەی شاری هەولێر جێ بهێڵن، هەروەها لایەنە ئەمنییەکان ئەم داوایەیان لە هیچ یەکێک لە دەستگیرکراون نەکردووە، کە نابێ ئیتر لە شاری هەولێر بمێننەوە، لەلایەکی دیکەوە هیچ ڕێکخراوێک دەزگا ئەمنییەکانی ئاگادار نەکردووەتەوە کە ڕێگرییان لێ کراوە بۆ هاتنە نێو شاری هەولێر.
گوتیشی: لە خۆپێشاندانەکەی ٤/٣/٢٠١٧ی هەولێردا ئەو کەسانەی خۆپیشاندانەکەیان کردووە، نە داوای مۆڵەتیان کردووە بۆ خۆپێشاندان و نە هەوڵیشیان داوە بۆ وەرگرتنی مۆڵەت، لە کاتێکدا بە پێی یاسای ناوخۆ پێویستە داوا پێشکەش بكرێت بۆ ئەنجامدانی خۆپێشاندان، ئەمەش هۆکاری دەستگیرکردنی خۆپێشاندەرەکانە، کە بە پێی بڕیاری بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی هەولێر و بە پێی ماددەی (١٠)ی یاسای ڕێکخستنی خۆپێشاندان بووە.
kdp-
